پەرلەمانتارێک: ژمارە "یەک"ی هەندێ لیستی هەڵبژاردن بە ملیۆنان دۆلار فرۆشراوە

22-02-2018
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن هەڵبژاردن
A+ A-
رووداو - هەولێر

پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێت، لە هەندێک لیستدا ژمارە "یەک" لە ریزبەندی بۆ هەڵبژاردن بە ملیۆن دۆلار فرۆشراوە، چونکە گرەنتی دەرچوونی لە هەڵبژاردنەکان زیاترە.

عیزەدین دەولە، نوێنەری پارێزگای نەینەوا و پەرلەمانتاری عەرەبی سوننە دەشڵێت، هۆکاری سەرەکی پشت هەوڵدان بۆ ژمارە "یەک" ئەوەیە "خاوەنەکەی چانسێکی دڵخۆشکەری هەیە بۆ ئەوەی دەنگی سەرجەم لیستەکە بەدەستبهێنێت، بۆیە سەرجەمیان لە هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو ژمارە سیحراویەن، کە رەنگە هەندێک جار تێچووەکەی ملیۆنان دۆلار بێت".

ئەردەلان نوردەین، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "گەندەڵی بەشێوەیەکی بەرچاو لە عێراق تەشەنەی سەندووە، بۆیە کڕین و فرۆشتنی ژمارە (یەک) لە لیستەکانی هەڵبژاردن لە عێراقدا شتێکی ئاساییە، چونکە پۆستی وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەکان کڕین و فرۆشتنیان پێوەدەکرێت، بۆیە زۆر ئاساییە سەرۆک حیزبێک لەگەڵ ئەندامێکی بەو شێوەیە رێبکەوێت لەسەر ژمارەیە یەک".

ئەردەڵان نوردەین، کە لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراقدا ریزبەندی ژمارە یەک بوو، لە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای هەولێر و بووە پەرلەمانتار، پێیوایە "کڕین و فرۆشتنی  ژمارە یەک لە کوردستاندا بوونی نییە، بەڵام لەنێو عەرەبەکاندا ئەوە هەیە، مەرجیش نییە ژمارە (یەک) لە هەڵبژاردن دەربچێت، چونکە چەندین نموونەمان هەیە لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا خەڵک دەنگی پێنەدان و دەرنەچوون".

بڕیاری هەڵبژاردنی عێراق رۆژی 12ی مانگی 5ی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت. 69 هەزار و چوار کاندید لەگەڵ 25 هاوپەیمانی و 63 قەوارەی هەڵبژاردن، کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی 329 کورسی پەرلەمان دەکەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە