وەزارەتی پەروەردەی عێراق 10 نمرەی بڕیار دەداتە قوتابییانی قۆناخە ناکۆتاکان

22-06-2025
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پەروەردەی عێراق چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی قوتابییانی قۆناخە ناکۆتاکان و ئەوانەی لە تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەم کەوتوون، دەرکرد. بەگوێرەی بڕیارەکان 5 نمرەی دیکە بۆ قوتابییان زیاد کراوە و کۆی گشتیی نمرەی بڕیار بووەتە 10 نمرە، هەروەها ئاسانکاری بۆ قوتابییە کەوتووەکان کراوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە دەستەی رای وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، بە مەبەستی پێدانی دەرفەتێکی دیکە بە قوتابییان بۆ باشترکردنی ئاستی خوێندنیان، بڕیار دراوە بە پێدانی 5 نمرەی زیادە بە قوتابییانی پۆلی پێنجەمی سەرەتایی و قۆناخەکانی ناوەندی و ئامادەیی (ناکۆتاکان)، لەگەڵ پەیمانگەکانی هونەرە جوانەکان بە هەموو بەشەکانیەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، بەم بڕیارە نوێیە، کۆی گشتیی نمرەی بڕیار (درجة القرار) بۆ (10) نمرە بەرزکرایەوە، کە بۆ ئەنجامەکانی خولی یەکەمی ساڵی خوێندنی 2024-2025 زیاد دەکرێت.
 
هاوکات، دەستەی رای وەزارەتەکە چەند بڕیارێکی دیکەی بۆ قوتابییە کەوتووەکانی ساڵی خوێندنی 2024-2025 دەرکردووە، کە بریتین لە:
 
- قۆناخی سەرەتایی و ناوەندی: قوتابی بە کەوتوو (مکمل) دادەنرێت ئەگەر لە تاقیکردنەوە گشتییەکانی خولی یەکەمدا لە یەک، دوو یان سێ وانەدا دەرنەچووبێت و مافی بەشداریکردنی لە تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمدا دەبێت.
 
- پۆلەکانی 1-4ی سەرەتایی: رێگە بە قوتابیانی پۆلەکانی یەکەم تا چوارەمی سەرەتایی دەدرێت (تەنیا ئەوانەی بەردەوام بوون لە دەوامکردن) کە لە تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەم دەرنەچوون، بەشداری لە تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمدا بکەن، بەبێ رەچاوکردنی ژمارەی ئەو وانانەی تێیدا کەوتوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە