رووداو بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت لە بارەی داهاتی نانەوتی بڵاودەکاتەوە

22-09-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رووداو بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت لەبارەی داهاتی نانەوتی بڵاودەکاتەوە، کە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی رووندەکاتەوە چۆن داهاتەکان بەپێی یاسای دارایی فیدراڵی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
 
بڕیارە سبەی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بۆچوونانەی ئەنجوومەنی دەوڵەت، دوایین بڕیار لەسەر داهاتە نانەوتییەکان بدرێت.
 
بنەمای یاسایی:
 
یەکەم: داهاتەکان داهاتی کۆتایی گەنجینەی گشتیی دەوڵەتن و دواتر بەپێی ئەو رێژەیەی لە بڕگەی (یەکەم)ی مادەی (29)ی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە (6)ی ساڵی 2019 دیاریکراوە، تەرخان دەکرێن.
 
دووەم
 
ئەلف: مەبەست لە باج، گومرگ و ئەو داهاتانەی دیکە کە لە بڕگەی (1)ی مادەی (29)ی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە (6)ی ساڵی 2019 ئاماژەیان پێکراوە، ئەو باج و گومرگانەن کە بەپێی یاساکانی فیدراڵی، یان هەر یاسایەکی دیکەی خۆجێیی لە چوارچێوەی دەسەڵاتی گومرگیی دەوڵەتدا کۆدەکرێنەوە.
 
ب: تەواوی باج و گومرگە کۆکراوەکان لەلایەن دەسەڵاتی گومرگەوە دەگوازرێنەوە بۆ گەنجینەی گشتیی دەوڵەت.
 
سێیەم: داهاتی فرۆشتن و سپاردنی ئەو پارە گشتییانەی دەگەڕێنەوە بۆ دارایی ناوەندیی دەوڵەت، بە سزاکانیشەوە، بە تەواوی دەگوازرێنەوە بۆ گەنجینەی گشتیی دەوڵەت.
 
چوارەم: هیچ رێگرییەکی یاسایی نییە وەزارەتی دارایی مقاسە بکات لەنێوان شایستەی هەرێم یاخود پارێزگاکان و ئەو داهاتانەی کە دەبێت بگوازرێنەوە بۆ گەنجینەی گشتیی دەوڵەت.
 
پێنجەم: باج و گومرگی دەروازەکانی سنوور، بە داهاتی گومرگی هەژمار دەکرێن، ئەمەش بۆ مەبەستی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ماددەی (21)ی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی ژمارە (13)ی ساڵی 2023 و ماددەی (29)ی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە (6)ی ساڵی 2019.
 
شەشەم: حوکمەکانی یاسای بودجەی گشتی بەسەر هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ دەکرێن، مەگەر بە روونی ئاماژە بە پێچەوانەکەی کرابێت.
 
دەقی ئەو بڕگە و مادانەی ئەنجوومەنەکە لە بۆچوونەکانی ئاماژەی پێداون:
 
مادەی (29)ی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە (6)ی ساڵی 2019: 
 
ئەم داهاتە داراییانەی خوارەوە دەخرێنە سەر هەژماری پارێزگا (پارێزگاکانی هەرێم)یش دەگرێتەوە:
 
یەکەم: 50٪ـی ئەو باج و رسوماتە فیدراڵییانەی لە سنووری پارێزگاکەدا کۆدەکرێنەوە، بەدەر لە داهاتی باج و رسووماتی گومرگی.
 
دووەم: پشکی پارێزگا لە داهاتی دەروازەکانی سنوور و پترۆدۆلار.
 
سێیەم: ئەو داهاتە نێوخۆییانەی کە بەپێی یاسای دەرچوو لە ئەنجوومەنی پارێزگا کۆدەکرێنەوە.
 
چوارەم: داهاتی تایبەت بە شارەوانییەکان (وەکو ئاو، ئاوەڕۆ و پلاندانانی ئاوەدانی) دەخرێتەوە سەر هەژماری پارێزگا و دووبارە بۆ هەمان ئەو ناوچانە تەرخان دەکرێتەوە کە لێیەوە وەرگیراوە.
 
دەقی مادەی 13 لە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی عێراق (2023-2024-2025)
 
مادەی 13- یەکەم
 
ئەلف: تەواوی داهاتەکانی هەناردەکراو و بەبازاڕکراوی ناوخۆی نەوت کە لە کێڵگەکانی ناو هەرێم بەرهەمدەهێنرێن، لە ژمارە حیسابێکی بانکیی تاکدا لە هەرێم دادەنرێن کە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵیەوە دەکرێتەوە لەلای بانکە ناوەندییەکەی عێراق. هەموو داهاتە هاتوو و بەدەستهاتووەکان لە هەناردەکردن یان فرۆشتنی نەوتی خاو و بەرهەمە لاوەکییەکانی، بەبێ هیچ لێبڕینێک، تێیدا دادەنرێن و هەموو حیسابەکانی هاوشێوەی دیکە دادەخرێن.
 
ب: وەزارەتی دارایی فیدراڵی پابەندە بە دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم بەپێی بڕگەکانی ئەم یاسایە و لە حیسابێکدا دادەنرێن کە لە بانکێکی متمانەپێکراو لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بۆ حکومەتی هەرێم دەکرێتەوە، یان ئەوەی سەرۆکی هەرێم و وەزیرەکانی هەرێم پێی دەدرێت. خەرجکردن لە حیسابە ناوبراوە بەپێی بڕگەکانی ئەم یاسایە دەبێت و حیسابەکەیش لەژێر چاودێری حکومەتی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵیدا دەبێت.
 
 : دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی، بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی نەوت و وەزارەتی دارایی، بەرپرسیارن لە وردبینیکردنی ژمێریارانی دیاریکراو (لە بەندی یەکەم باسکراوە) لەناو وڵاتدا. هەرکاتێک کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی وردبینی دابنرێت، ئەوا رێنمایی و پرۆسەکانی وردبینی گرێبەست و گواستنەوەی نەوت لە لایەن ئەو کۆمپانیایەوە بەڕێوەدەبرێن.
 
دەبێت وردبینییەکە سەرنجی لەسەر وردبینی کردنی زانیاری گرێبەستەکانی گواستنەوە و بارکردن، هەروەها وردبینی کردنی تەواوی وردەکارییەکانی دیکەی پەیوەست بە داهاتەکان، شایستەکانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت بێت.
 
هەروەها، دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی، وەزارەتی دارایی و وەزارەتی ئابووری ناوچەکە، بە راپۆرتی وردبینی مانگانە دابین دەکات. ئەم راپۆرتە لە لایەن دیوانی چاودێری دارایی ناوچەکەوە وردبینی دەکرێت و بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی / بەشی ژمێریاری نێردراوە بۆ پەسەندکردن و جێگیرکردنی لەناو حساباتی دەوڵەتدا.
 
سێیەم: وردبینیکردنی ژمێریاران و داهات و خەرجییەکانیان کە لە خاڵی (یەکەم) و (دووەم)دا ئاماژەیان پێدراوە، لە لایەن کۆمپانیای نێودەوڵەتیی وردبینییەوە ئەنجام دەدرێت. راپۆرتی خولیی لەسەر وردبینی و داهات و خەرجییەکانیان، بۆ دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی ناوچەکە، دەخرێتە روو.
 
چوارەم: لەلایەن وەزیری دارایی و وەزیری ئابوورییەوە، راپۆرتی دارایی ساڵانە کە لەلایەن کۆمپانیای وردبینی نێودەوڵەتی ئامادەکراوە، واژۆ دەکرێت. دواتر، کۆپییەکی پەسەندکراو لە راپۆرتەکە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەنێردرێت.
 
پێنجەم:  پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان هەردوو حکومەتەکە، بۆ ئەنجامدانی پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بۆ هەر گرێبەستێک کە پەیوەستە بە کەرتی نەوت و گاز لە ناوچەکەدا، پێویستە. ئەم لیژنەیە هاوکار دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان و دابینکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی گونجاو بۆ ئەو قۆناغەی ئێستا کە هێشتا یاسای نەوت و گاز پەیڕەو نەکراوە.
 
شەشەم:  ئەو بڕیارانەی لە خاڵی (یەکەم، دووەم، سێیەم، چوارەم و پێنجەم)دا هاتوون، لە رۆژی دەرچوونی ئەم بڕیارەوە جێبەجێ دەکرێن، تاوەکو یاسای نەوت و گاز دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

حەوتەم: لەکاتی بوونی هەر جیاوازییەک لە بۆچوونەکان لە نێوان حکومەتی ئیتیحادی و حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ماف و پابەندبوون و میکانیزمەکانی جێبەجێکردن کە لەم یاسایەدا هاتوون، لێژنەیەک لە هەردوو لا پێکدەهێنرێت بۆ تاوتوێکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و پێشکەشکردنی ڕاسپاردە و چارەسەرکردنیان لە ماوەی (30) ڕۆژدا لە بەرواری پێکهێنانییەوە، و لە ئەگەری چارەسەرنەکردن، ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاری پێویست دەدات.
هەشتەم:
 
ئەلف: حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە پێشینەدان بە خەرجکردنی شایستەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و خانەنشینان، لەگەڵ پابەندبوون بە خەرجکردنی شایستە وەبەرهێنراوەکانی پارێزگاکانی هەرێم بەپێی ستانداردە پشتڕاستکراوەکان لەم یاسایەدا.
 
ب: جگە لەوەش سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی پابەندە بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕگەی (أ) لەسەرەوە، کە دابینکردنی پارەش لەخۆدەگرێت
 
دەقی مادەی 21 لە یاسای بودجەی گشیتی فیدراڵی عێراق (2023-2024-2025)
 
مادە-21:
 
یەکەم: وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان و پارێزگاکان بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی دەسەڵاتەکانیان لە سەپاندنی رسوومات و کرێی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە پێشکێشی دەکەن لە ماوەی ساڵانی (2016، 2017، 2018، 2019، 2020، 2021)، یان سەپاندنی رسوومات و کرێی خزمەتگوزاری نوێ و هەموارکردنی رسوومات و کرێی خزمەتگوزارییە هەنووکییەکان، جگە لە رسوومات و کرێی سیادی (کە بەپێی یاسا فیدراڵییە کاریگەرەکان پەسند کراوە) بەپێی ئەو رێکارانەی کە وەزیری پەیوەندیدار یان سەرۆکی لایەنە پەیوەندینەدارەکان یان پارێزگار دەریدەکات، بە مەرجێک ڕێژەی دابەزاندن کەمتر نەبێت لە (80%) هەشتا لە سەد) لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و (20%) ی داهاتەکە دەگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی گشتی دەوڵەت.
 
دووەم: رێژەی (50%)لە داهاتەکانی دەروازەکانی سنوور تەرخان دەکرێت بۆ ئەو پارێزگایانەی کە ئەو دەروازانەیان تێدایە، لەنێویاندا هەرێمی کوردستان، بەو مەرجەی ئەم بڕە پارەیە تەرخان بکرێت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ پارێزگا یان جێبەجێکردنی پرۆژەی وەبەرهێنان یان دابینکردنی پرۆژەی بەردەوام لە پارێزگاکە لە چوارچێوەی دەروازەکانی بودجەدا، یان ئاوەدانکردنەوەی دەروازە سنوورییەکان لە هەموو پارێزگایەکدا، بەو مەرجەی ڕێژەی تەرخانکراو بۆ ئاوەدانکردنەوەی دەروازە سنوورییەکان کەمتر نەبێت لە (20%)ی رێژەی باسکراو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە