فوئاد حوسێن لەگەڵ بریکاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دانەوەی پارەکانی ئێران تاوتوێ دەکات

23-03-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فوئاد حوسێن لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا سەردانەکەی سوودانی بۆ واشنتن و لەگەڵ بریکاری وەزارەتی گەنجینەی ئەو وڵاتەش شێوازی دانەوەی قەرزی ئێران تاوتوێ دەکات.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، رۆژی 22ی ئاداری 2024 فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق کە ئێستا بە سەرۆکایەتیی شاندێک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، لەگەڵ جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا کۆبووەوە و باسیان لە ئەنجامەکانی لیژنەی باڵای سەربازیی نێوان هەردوو وڵات، دۆخی ئەمنی و ئاڵنگارییەکان کرد.
 
وەزیری دەرەوەی عێراق سوپاسی حکومەتی ئەمریکای کرد کە دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە بۆ سەردانی محەممەد شیاع سوودانی و شاندی یاوەری لە نێوەڕاستی مانگی نیسانی داهاتوودا، کە تێیدا باس لە کۆمەڵێک بابەتی هاوبەش و تایبەت دەکرێت لە بوارەکانی وزە، ئابووری و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
 
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ئاماژەی بە گرنگیی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، بەتایبەتی لەم کاتەدا، ئەوەش بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی هەردوو وڵات و پشتیوانیی عێراق لە بوارە جیاوازەکاندا.
 
هەر دوێنێ هەینی، فوئاد حوسێن لەگەڵ براین نیلسن، بریکاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کۆبووەوە و پەیوەندی دوو قۆڵی و ئابووری و دارایی نێوان هەردووڵات و دۆسیە هاوبەش و گرنگەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێکرد و دووپاتیان لەسەر گرنگی بەدیهێنانی پەرەپێدان کردەوە، ئەوەش لەپێناو پەرەپێدانی کەرتی دارایی و بانکی و چاکسازییەکان.
 
لە تەوەرەیەکی دیکەدا باس لە شایستەی دارایی ئێران کراوە کە ئێستا لە بانکی بازرگانیی عێراقی (TBI)  و  چۆنێتی پێدانی ئەو پارەیە بە ئێران کراوە.
 
عێراق قەرزەکانی ئێرانی لە هەژمارێک داناوە لە بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) کە نزیکەی 3 ملیار دۆلارە و بەو مەرجە رێگە بە ئێران دەدرێت ئەو پارەیە بەکاربێنێت کە ئەو کەرەستە و کاڵایەنەی پێ بکڕێت سزاکانی ئەمریکا نایگرێتەوە.
 
رۆژی 22ی ئاداری 2023 کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی 15-4-2024 جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات.
 
وەک لە راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپیدا هاتووە، مەبەست لە کۆبوونەوەکە دروستکردنی هاوئاهەنگییە لەبارەی ئامانجە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات و بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییە دوو قۆڵییەی لەنێوان عێراق و ئەمریکادا هەیە.
 
کۆشکی سپی ئاماژە بەوە دەکات، سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق، "پابەندبوونی خۆیان بە رێککەوتننامەی ستراتیژی دووپات دەکەنەوە؛ هەروەها پابەندبوونی خۆیان بە قووڵکردنەوەی دیدگەی هاوبەشیان بۆ عێراقێکی سەقامگیر، خاوەن سەروەری و خۆشگوزەران، بە جۆرێک کە بە تەواوی ئاوێتەی ناوچەکە بێت، دووپات دەکەنەوە."
 
بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپی ئەو مژارانە باس دەکات کە لە کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراقدا تاوتوێ دەکرێن و دەڵێت، "سەرۆک بایدن و سەرۆکوەزیران سوودانی لەبارەی هەندێک مژار راوێژ دەکەن، لەوانەش پابەندبوونی هاوبەشمان بە تێکشکاندنی یەکجارەکیی داعش و گۆڕینی ئەرکی سەربازی (هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی)، ئەوەش نزیکەی 10 ساڵ دوای پێکهێنانی سەرکەوتووانەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش."
 
کۆشکی سپی ئاماژە بەوەش دەکات، سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق باس لە چاکسازییەکانی بواری ئابووریی عێراق دەکەن، ئەوەش بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی کەرتەکە و هەنگاونانی عێراق بە ئاراستەی سەربەخۆیی لە کەرتی وزەدا و نوێگەری لەو بوارەدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە