پەرلەمانی عێراق چوار پشووی هەڵوەشاندەوە و دووانی دیکەی زیاد کرد

23-05-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە عێراق 11 بۆنە کراونەتە پشووی فەرمی سەرتاسەری؛ جگە لە رۆژانی هەینی و شەممە ساڵانە 16 رۆژ لە عێراق کراونەتە پشووی سەرتاسەری. ئەمە جگە لەوەی دەسەڵاتدراوەتە حکومەت پشووی دیکە رابگەیێنێ، بەڵام لە حەوت رۆژ زیاتر نەبێ. رۆژی نیشتمانیی عێراقیش دیاری نەکراوە و نەکراونەتە پشوو.
 
رۆژی چوارشەممە 22-05-2024 پەرلەمانی عێراق یاسای پشووە فەرمییەکانی لە عێراق پەسند کرد. بەگوێرەی یاساکە پشووە فەرمییە گشتیییەکان بریتین لە:
 
هەموو هەینی و شەممەیەک
1موحەڕەم سەری ساڵی کۆچی
10 موحەرەم کوژرانی ئیمام حوسێن رۆژی عاشوورا
12 رەبیعولئەوەل لە دایکبوونی پێغەمبەر (د.خ)
1-3 شەوال جەژنی رەمەزان
10-13 زیلحیجە جەژنی قوربان
18 ی زیلحیجە رۆژی غەدیر
1ی کانوونی دووەمی سەری ساڵی زانینی
6ی کانوونی دووەمی یادی دامەزراندنی سوپا
21ی ئادار جەژنی نەورۆز
16 ئادار یادی تاوانەکانی بەعسی سەدامی دەرهەق بە خەڵکی عێراق هەڵەبجە، ئەنفال، گۆڕە بە کۆمەڵەکان، راپەڕینی شەعبانییە، کوشتنی زانایان و پارتەکان 
1ی ئایار جەژنی کرێکارانی جیهانی.
 
پێشتر رۆژی 9ی نیسان بەبۆنەی رووخانی سەدام، 14ی تەممووز بەبۆنەی رووخانی سیستمی پاشایەتی، 17ی ئۆکتۆبەر بەبۆنەی شکاندنی داعش و 25ی کانوونی دووەمیش بەبۆنەی لە دایکبوونی حەزرەتی عیسا پشوو بوون، بەڵام ئەو پشووانە لە یاسا نوێیەکەدا نین، جگە لەوەش دوو پشووی دیکە زیادکران، ئەوانیش 18ی زیلحیجە یان رۆژی غەدیرە.
 
16 ئادار دیاریکرا بە پشوو بۆ یادی تاوانەکانی بەعسی سەدامی دەرهەق بە خەڵکی هەڵەبجە، ئەنفال، گۆڕە بە کۆمەڵەکان، راپەڕینی شەعبانییە، کوشتنی زانایان و پارتەکان.
 
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 23-05-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرەتا لایەنەکانی دیکە رازی نەبوون رۆژی 16-3 رۆژی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بکرێتە پێشوو، بەڵام لایەنە کوردستانییەکان لەسەر ئەمە پێداگربوون و هەڕەشەی بایکۆتکردن و شکاندنی رێژەی یاسایی ئامادەبوونیان کرد.
 
دواتر داواکەیان پەسندکرا بەوەی 16-3 بکرێتە پشووی فەرمی گشتی وەک "یادی تاوانەکانی بەعسی سەدامی دەرهەق بە خەڵکی عێراق، هەڵەبجە، ئەنفال، گۆڕە بە کۆمەڵەکان، راپەڕینی شەعبانییە، کوشتنی زانایان و پارتەکان".
 
لە یاساکەدا پشووی رۆژی نیشتمانی عێراق نییە، ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی گوتی، تاوەکو ئێستا بۆ رۆژی نیشتمانیی عێراق رێککەوتێکی دیاریکراوی تەواو نییە. هاوکات راشیگەیاند، دەسەڵات دراوەتە حکومەت هەر رۆژێک بە گونجاو بزانێت دەتوانێت بیکاتە پشوو.
 
لە دانیشتنەکەدا کریستییانەکان ناڕەزاییان دەربڕی لەوەی رۆژێکی تایبەتی کریستیانەکان دیاری نەکراوە بۆ پشووی فەرمی سەرتاسەری، لەوانە داوایانکرد 25-12 لە دایکبوونی مەسیح بکرێتە پشوو، بەڵام وەک سێکانیانی باسیکرد بەشێک لە پەرلەمانتاران لە وەڵامدا گوتیان سەری ساڵ کراوەتە پشوو، کە هی کریستیانەکانە، بەڵام نوێنەرانی کریستیان گوتیان سەری ساڵ جیهانییە، لە هەموو جیهان پشووە. 
 
هەروەها رۆژی 14ی تەمموز نەکراوەتە پشوو کە لەو رۆژەدا رژێمی پاشایەتی رووخا و عێراق بووە کۆماریی کە پشووی فەرمی بوو بەگوێرەی یاسای ژمارە 110ی ساڵی 1972ی پشووە فەرمییەکان لە عێراق.  چیایی تەیموور، ئەندامی لیژنەی رۆشبیری و گەشتوزار و شوێنەوار لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "بۆچوونی جیاوازی لەسەرە، هەندێک پشتیوانی و هەندێکی دیکە لەگەڵی نین، هەندێک پێیانوایە لەوکاتەوەی کە سیستمی پاشایەتی رووخاوە و کۆماری هاتووە، عێراق خێر و خۆشی بەخۆوە نەبینیوە".
 
9ی نیسان رۆژی رووخانی رژێمی بەعس لە 2003 و رۆژی راگەیاندنی سەرکەوتن بەسەر داعش لە 10 کانوونی یەکەمی 2017دا پێشتر بە بڕياری حکومەتی عێراق کرابوونە پشوو، بەڵام لە پرۆژەکەدا نەبوون. چیایی تەیموور گوتی، "لە دانیشتنەکەدا باسی ئەو رۆژە هەر نەکرا، هیچ پەرلەمانتارێکیش داوای نەکرد و لە رەشنووسی یاساکەشدا نەبوو".
 
ئەندامەکەی لیژنەی رۆشنبیریی کە لێژنەکەی پەیوەنداربوو بە پرۆژەکە دەڵێت، "کەشی دانیشتنەکەی پەرلەمان بارگاوی و گرژ بوو. هەر پێکهاتە و لایەنێک هەوڵی دەدا پشووی خۆی لە یاساکەدا جێگە بکاتەوە، لەکاتێکدا هەندێک لە پشووەکان پێویست نەبوون، بەڵکو پێویست بوو دەسەڵات بدرێتە ئەنجوومەنی پارێزگاکان بۆ راگەیاندنی پشووەکان".
 
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی لیژنەی شەهیدان و قوربانیان و زیندانیانی سیاسییە لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، لە دانیشتنەکەدا رۆژی ئازادکردنی عێراق و سەرکەوتن بەسەر داعش باس نەکرا.
 
هەروەک لە یاساکەدا پشووی تایبەت بە پێکهاتەکان دیاریکراون کە تەنیا بۆ ئەوان پشووە:
 
کریستیان
لەدایکبوونی پێغەمبەر عیسا
رۆژی جەژنی گەورە
دووەم: موسەوی
رۆژی کەفارە
رۆژی جەژنی رۆژ
رۆژی جەژنی چەتر
 
سابیئە
5 و 6ی نیسان جەژنی بنجە
7 و 8ی ئاب جەژنی گەورە
23ی تشرینی دووەم جەژنی بچووک 
رۆژی جەژنی وەهنە و لمافە
 
کوردانی ئێزدی
یەکەم هەینی مانگی کانوونی یەکەم
یەکەم چوارشەممەی مانگی نیسانی رۆژهەڵاتی
23-30ی ئەیلول رۆژهەڵاتی
18-21ی تەمموزی رۆژهەڵاتی
 
یاساکە دەسەڵاتی داوەتە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی پشووی فەرمیی کاتی بۆ بۆنە تایبەتەکان رابگەیێنێت کە لە 7 رۆژ زیاتر نەبێ. هەروەها دەتوانێ بڕیاریش لە دووبارە گەڕانەوەی دەوامی رۆژانی شەممە بدات. 
 
یاساکە کۆمەڵێک پشووی فەرمی و بڕیاری پشووی هەڵوەشاندەوە کە بریتین لە:
 
- هەڵوەشانەوەی یاسای پشووە فەرمییەکان ژمارە 110ی ساڵی 1972.
- هەڵوەشانەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بەعس ژمارە 886ی ساڵی 1979 و بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بەعسی ژمارە 210ی ساڵی 1989.
- هەڵوەشانەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی حوکم ژمارە 1ی ساڵی 2003.
- هەڵوەشانەوەی بڕیاری ژمارە 25ی ساڵی 2005.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی لەتیف رەشید و سوودانی لە بەغدا.

سوودانی بەڵێن دەدات شێوازی بەڕێوەچوونی سەرژمێری بگۆڕدرێت

گلەیی و تێبینیەکانی کورد سەرۆک کۆمار، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەشێک لە وەزیرانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان عێراقی لە کۆشکی بەغدا کۆکردنەوە. سوودانی بەڵێنی دا نیگەرانییەکان لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بیانخاتەڕوو و بەپێی توانا، شێوازی بەڕێوەچوونی سەرژمێرییەکە بگۆڕدرێت.