چاوەڕوان دەکرێ سێشەممە یان چوارشەممە پەرلەمانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆببێتەوە

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێ، چاوەڕوان دەکرێ سێشەممە یان چوارشەممە پەرلەمانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق کۆببێتەوە. سەرۆکی فەرمانگەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراقیش دەڵێ، پێویستە تاوەکو چوارشەممە سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێ. 
 
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 24-1-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا رۆژی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق دیاری نەکراوە.
 
بەگوتەی هەرێم کەمال ئاغا، "سبەی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەی دەبێت و دواتر بڕیاردەرێ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق رۆژی سێشەممە یان رۆژی چوارشەممە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوەبچێ".
 
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبوونەوەی لەبارەی بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبێ، ئەوەش کاریگەری لەسەر کۆبوونەوەی پەرلەمان دەبێت. 
 
هاوکات ئەشواق جاف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 24-1-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقدا لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان رێککەوتنی سەرەتایی کرا کە رۆژی سێشەممە کۆبوونەوەی پەرلەمان بێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق. 
 
بە گوتەی ئەشواق جاف، لە کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی عێراقدا کاتی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق دیاری دەکرێ.
 
هاوکات رێبوار کەریم، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی رەوتی هەڵوێست، ئەمڕۆ شەممە 24-1-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو ئێستا کاتی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق دیاری نەکراوە، بەڵام سێشەممە یان چوارشەممە دەبێت و لە هەموو دۆخێکدا نابێت لە رۆژی چوارشەممە تێپەڕێت.
 
یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق لە 29ـی کانوونی یەکەمی 2025 کرا.  سەباح باوی، سەرۆکی فەرمانگەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەممە 24-1-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەگوێرەی دەستوور دوای یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەبێت لە 30 رۆژدا سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێ، بۆیە دوایین کات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق رۆژی 28ی ئەم مانگەیە. 
 
بەگوێرەی مادەی 70ی دەستوور، پەرلەمان بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی، سەرۆککۆمار هەڵدەبژێردرێ. ئەگەر هیچ بەربژێرێک ئەو رێژەیەی بەدەستنەهێنا، ئەوا کێبڕکێ لەنێوان ئەو دوو بەربژێرەدا دەکرێ کە زۆرترین دەنگیان هێناوە و لە گەڕی دووەمدا هەرکامیان زۆرترین دەنگ بهێنێت، دەبێتە سەرۆککۆماری نوێی عێراق.
 
پۆستی سەرۆکۆمار پشکی کوردە. تاوەکو ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش رێنکەوتوون. پارتی فوئاد حوسێن و یەکێتیش نزار ئامێدی بەربژێر کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە