رووداو دیجیتاڵ
دواى 33 ساڵ عێراق وێستگەى ئەتۆمى زیندوو دەکاتەوە، شاندێک دەنێرێت بۆ ئاژانسى نێودەوڵەتیى وزەى ئەتۆم بۆ رێککەوتن لەبارەى ئەو پڕۆژەیە، کە بەگوتەى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بۆ مەبەستى مەدەنییە نەک سەربازى.
68 ساڵ لەمەوبەر عێراق هەنگاوى بەرەو بەرنامەى ئەتۆمى ناوە، زانایەکى شیعە بناخەى دانا، ئەمریکا یەکەم وێستگەکەى بۆ دابین کرد.
رۆژی 18ـی ئاداری 2024، رافایێل ماریانۆ گرۆسی، بەڕێوەبەرى ئاژانسى نێودەوڵەتیى وزەى ئەتۆم سەردانى عێراقى کرد و لەگەڵ نەعیم عەبودى، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى عێراق کۆبووەوە، کە هاوکات سەرۆکى دەستەى وزەى ئەتۆمى عێراقە.
هەردوولا باسیان لە زیندووکردنەوەى بەرنامەى ئەتۆمى و وێستگەى بەرهەمهێنان کرد لە رێگەى ئەو وزەیەوە بۆ مەبەستى مەدەنى و ئاشتییانە.
ئەوە یەکەمجار بوو لە دواى 2003 بەڕێوەبەرى ئاژانسى نێودەوڵەتیى وزەى ئەتۆم سەردانی عێراق بکات.
د.حەیدەر عەبوودى، گوتەبێژى فەرمى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى عێراق لە کاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق رایگەیاند، لەو سەردانەیدا سەرۆکى ئاژانسى نێودەوڵەتیى وزەى ئەتۆم "هێڵێکى رونى" دانا بە ئاراستەى هاریکارى لەگەڵ دامەزراوە تایبەتمەندەکانى عێراق.
د.حەیدەر عەبوودى گوتیشی، "ئەوەى بەڕێوەبەرى گشتیى ئاژانسى نێودەوڵەتیى وزەى ئەتۆم گوتى لەبارەى دەستپێکردنى پەڕەیەکى هاریکارى نوێ لەگەڵ عێراق، پەیامێکى گرنگى تێدایە، کە پەیامێکى نێودەوڵەتییە لەبارەى ئەوەى عێراق مافى ئەوەى هەیە بتوانێت لە وزەى ئەتۆم وەبەرهێنان بکات بۆ مەبەستى ئاشتیانە."
ساڵى 2016 یەکەم هەنگاوى عێراق بۆ زیندووکردنەوەى بەرنامە ئەتۆمیەکەى دەستیپێکرد، کاتێک یاساى دەستەى وزەى ئەتۆم لەپەرلەمان پەسند کرا.
بە گوێرەى ئەو یاسایە دەستەیەک بە ناوى دەستەى وزەى ئەتۆم دروست دەکرێت، بۆ ئەوەى گەرەنتى بەکارهێنانى ئاشتیانە یان مەدەنیانەى وزەى ئەتۆم بکات لەگەڵ هەموو پرۆسەکانى پەیوەندیدار بۆ مامەڵەکردن و بەڕێوەبردنى و هەڵگرتنى پاشماوەى تیشکدەرەکان، ئەوە جگە لە بەکارهێنانى بۆ بوژاندنەوەى عێراق.
د.حەیدەر عەبوودى رایگەیاند، لە ئایندەیەکى نزیکدا شاندێکى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەى زانستى عێراق سەردانى ئاژانسى نێودەوڵەتیى وزەى ئەتۆم دەکەن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵیاندا، ئەوکات وردەکاریی نەخشەڕێگەی زیندووکردنەوەى بەرنامە ئەتۆمییەکەى عێراق دادەنرێت.
بەرنامەى ئەتۆمى عێراق لە دواى ساڵى 1991 بەهۆى جەنگى داگیرکردنى کوێت و ئابڵوقەى سەر عێراقەوە بەرەو پووکانەوە چوو، کە پێشووتر بە ئاراستە سەربازییەکە دەرۆیشت، 2003 بەهۆى پرۆسەى رزگارکردنی عێراقەوە بەتەواوى خاپوور بوو.
جگە لە بوارى لێکۆڵینەوەى زانستى، عێراق دەیەوێت لەرێگەى دانانەوەى وێستگەى ئەتۆمى، کارەبا بەرهەم بهێنێت، بە تایبەت کە لە وەرزى گەرما رۆژانە پێویستى بە 34 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە، بەڵام ئێستا رۆژانە 24 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت.
گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى عێراق دەڵێت، ویستى عێراق بەرەو ئەو ئاراستەیەیە، کە وێستگەى ئەتۆمى سفرى بخاتە گەر، کە خزمەت بە لێکۆڵینەوەی قوتابییانى زانکۆ دەکات و کەرەستە سەرەتاییەکانى خستنەگەڕى ئەو وێستگەیەش لەدەرەوە هاوردە دەکرێن.
وێستگەى ئەتۆمى سفرى یان زیرۆ ئینێرجى، بە زییپ-یش ناو دەبرێت، وێستگەیەکى ئەتۆمى بچووکە لە تاقیگەکاندا دادەنرێت بۆ لێکۆڵینەوەى زانستى و بەرهەمهێنانێکى سنووردارى کارەبا.
ساڵى 1956 لە سەردەمى دەسەڵاتى پادشایی عێراق بۆ یەکەمجار هەنگاو نرا بۆ دروستکردنى وێستگەى ئەتۆمى بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا، ئەو کاتە لیژنەى وزەى ئەتۆمى ئەمریکا یەکەم وێستگەى ئەتۆمى داوەتە عێراق بۆ ئەوەى لەبوارى لێکۆڵینەوەى زانستى بەکاربهێندرێت، کە تواناى بەرهەمهێنانى پێنج مێگاوات کارەباى هەبووە.
سەرپەرشتیار و بونیاتنەرى بەرنامەى ئەتۆمى عێراق زانایەکى شیعە بووە، بە ناوى محەممەد کاشف غەتا، پلەى پرۆفیسۆر بووە لە بوارى فیزیا، لە خێزانێکى ئایینى ناودارى نەجەف بووە، 1919 لەدایکبووە و لە ئەمریکا خوێندوویەتی.
بۆ گوێگرتن لە تەواوی پۆدکاستەکە کلیک بکە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ