رووداو دیجیتاڵ
لە بۆردوومانەکەی بارەگای ئۆپراسیۆنەکانى دەستەى حەشدی شەعبی لە ئەنبار تاوەکو ئێستا 7 کوژراو و زیاتر لە 20 بریندار تۆمارکراون، گەڕان بەدوای چارەنووسی چەکدارانی دیکەی ئەو گرووپە لەژێر داروپەردووی بارەگاکە بەردەوامە.
ئەمڕۆ سێشەممە 24ی ئاداری 2026، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی ئەو بۆردوومانەی کە شەوی رابردوو کراوەتە سەر یەکێک لە بارەگاکانی دەستەی حەشدی شەعبی لەو پارێزگایە، تاوەکو ئێستا 7 کوژراو و زیاتر لە 20 بریندار هەن.
بەگوێرەی دەستەی حەشدی شەعبیی عێراق، لە بۆردوومانەکەدا سەعد بعێجی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار لەگەڵ "کۆمەڵێک لە هاوڕێکانی" لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکا بۆ سەر بارەگای فەرماندەییەکەیان کوژران.
سەرچاوەکەی رووداو رایگەیاند، "بریندارانی ئەو بۆردوومانە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ئەنبار و تەندروستیی هەندێکیان ناجێگیرە، لە شوێنی بۆردوومانەکەش گەڕان بەردەوامە بەدوای چارەنووسی چەکدارانی دیکەی حەشدی شەعبی، کە گومان دەکرێت لەژێر داروپەردووی بارەگا بۆردوومانکراوەکەدابن."
بڕیارە کوژراوانی ئەو بۆردوومانە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەغدا مەراسیمێکی بەخاکسپاردنیان بۆ رێکبخرێت.
دەستەی حەشدی شەعبی داوای لە لایەنگرانیان کردووە کە بەشداری لەو مەراسیمەدا بکەن لەدوای گواستنەوەی سەرجەم تەرمەکانیان لە ئەنبارەوە بۆ بەغدا.
لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ى شوباتەوە گرووپە چەکدارە شیعەکان و سوپای ئەمریکا لە عێراق هێرش دەکەنە سەر یەکدی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ