رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى دادى عێراق راگەیاند، 36 سکاڵاى نێودەوڵەتییان بردووەتەوە کە لە دەرەوەى وڵات لە دژى عێراق تۆمارکرابوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ى نیسانى 2025،وەزارەتى دادى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوە دا کە بردنەوەى ئەو 36 سکاڵایە "بەبێ تۆمارکردنى هیچ زیانێک بووە".
ئەو سکاڵایانە لە چەند دادگە و دەستەیەکى نێودەوڵەتى بوون کە بە گوێرەى وەزارەتى دادى عێراق تێیاندا داواى بڕە پاریەکى زۆر کراوە.
ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو سکاڵایانە لەلایەن کۆمپانیاکانى سەر بە وڵاتان کراون لەوانە فەرەنسا، سویسرا، نەرویج و وڵاتانى دیکە و سکاڵاکان لەبارەى گرێبەستەکانى پێشویانەوە بووە.
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە کە ئەو رێوشوێنە یاساییانەى وەزارەتى داد گرتوونیەتەبەر لەگەڵ دادبینییەکانى پەیوەندار بەو دۆسیانەوە، توانراوە عێراق لە دانى ملیاران دۆلار قوتار بکات کە ئەگەر ئەو سکاڵایانەى بدۆڕاندایە دەبووە بارێکى قورس بەسەر گەنجینەى گشتییەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق گوتى: "توانرا هەموو ئەو سکاڵایانە پوچەڵ بکرێنەوە و هیچ پارەیەک وەک مەرجى هەڵوەشاندنەوەى گرێبەستەکان نەدرێت."
دواین سکاڵا کە عێراق بردبێتیەوە لە 11ى ئادارى ئەم ساڵ بوو، سکاڵاکە لەلایەن کۆمپاناى AHGى ئەڵمانى کرابوو، کۆمپانیاکە داواى یەک ملیار دۆلار قەرەبووى کردبوو بەهۆى گرێبەستێکى وەبەرهێنان لەگەڵ عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ