رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بڕیاریدا دوو دەروازەی دیکە لەگەڵ سعودیە و کۆماری ئیسلامیی ئێران بکاتەوە.
ئەو بڕیارە لە کۆبوونەوەیەکى دەستەى بۆچوونى دەستەى دەروازە سنوورییەکان بڕیاری لێدراوە، کە رۆژی چوارشەممە، 24ی ئەیلوولی 2025 کراوە.
عەلائەدین قەیسی، گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا دەنگ دراوە لەسەر دەستپێکردن بە رێکارەکانی کردنەوەی ئەو دوو دەروازەیە."
یەکێک لە دەروازەکان لە سنووری پارێزگای مەیسان دەبێت بە ناوی عەلی غەربی کە هاوسنووری ناوچەی جیلاتی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆمارى ئیسلامى ئێران) دەبێت، دەروازەکەی دیکە لەنێوان پارێزگای نەجەف و سعودیە دەبێت بەناوی دەروازەی عوەیقلە.
عەلائەدین قەیسی گوتی: "لەو کۆبوونەوەیەدا جەخت لەسەر رێکار و فەرمانەکانی پێشوو کراوەتەوە لەبارەی پشتبەستن بە بەڵگەنامەی کۆتایی رادەستکردنی کاڵا وەکو یەکێک لە بەڵگەنامە پێویستەکان بۆ تەواوکردنی رێکارەکان لەناو دەروازە سنوورییەکان کە دەبێتە گەرەنتی لەنێوان کۆمپانیای گواستنەوە و بازرگانان."
حکومەتی فیدراڵیی عێراق 13 دەروازەی سنووری وشکانی لەگەڵ سووریا، ئوردن، سعودیە، کوێت و کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ