لەسەر وشەی "ئاساییکردنەوە" سوودانی وەڵامی لویس ساکۆ دەداتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و کاردیناڵ لۆیس ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و کاردیناڵ لۆیس ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان داوا دەکات "ئاساییکردنەوە" لە عێراق بکرێت، و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران وەڵامی دەداتەوە بەوەی ئەو وشەیە لە فەرهەنگی عێراقیدا نییە و تایبەتە بە زایۆنیزم.
 
شەوی چوارشەممە 24ی کانوونی یەکەمی 2025، لە ئاهەنگی لەدایکبوونی مەسیح لە کەنیسەی مار یوسف لە بەغدا، کاردیناڵ لویس ساکۆ رووی کردە محەممەد شیاع سوودانی و پێیگوت: "بەڕێز سەرۆکوەزیران باسی ئاساییکردنەوە دەکرێت، هیوام وایە حکومەتی نوێ گرنگی بەوە بدات کە ئاساییکردنەوە لە عێراق بکرێت، چونکە عێراق وڵاتی ئیبراهیم و پێغەمبەرانە".
 
بەکارهێنانی وشەی ئاساییکردنەوە کە زیاتر بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بەکاردەهێنرێت، بووە جێی تێبینى سەرۆکوەزیران.
 
محەممەد شیاع سوودانی لە گوتارەکەی خۆیدا لە هەمان کەنیسە گوتی: "ئێمە لە عێراق پێویستیمان بە ئاساییکردنەوە نییە، بەڵکو پێویستیمان بە برایەتی، خۆشەویستی و پێکەوەژیان هەیە؛ ئەمەش پابەندبوونێکی ئاکاری، شەرعی، دەستووری و یاساییە کە ئەو پەیوەندییانەمان بەسەردا دەسەپێنێت، وشەی ئاساییکردنەوە لە فەرهەنگی عێراقیدا نییە، چونکە ئەو وشەیە پەیوەستە بە قەوارەیەکی داگیرکەر کە لە دژی زەوی و مرۆڤایەتییە و هەموو ئایینە ئاسمانییەکان رەتی دەکەنەوە".
 
لە کاردانەوەى ئەو گفتوگۆیەى نێوان سوودانى و لویس ساکۆ، موقتەدا سەدر، سەرۆکى رەوتى نیشتمانى شیعە نووسینێکى لە تۆڕى ئێکس بڵاوکردەوە. موقتەدا سەدر دەڵێت: "ئاساییکردنەوە تاوانە و یاسای عێراقی لەسەری سزا دەدات، هەر کەسێکیش هانی بدات یان داوای بکات، هەر کەسێک بێت، لە سزا دوور نابێت".
 
سەرۆکى رەوتى نیشتمانى شیعە دەشڵێت: "پێویستە لەسەر لایەنە فەرمییە تایبەتمەندەکان خێرا ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن؛ لە عێراقدا جێگەی ئاساییکردنەوە و رەواییپێدانی نابێتەوە."
 
 26-05-2022، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی 276 پەرلەمانتار، پڕۆژەیاسای تایبەت بە قەدەخەی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل پەسند کرد.
 
یاساکە رێگری لە هەموو جۆرە پەیوەندییەک دەکات لەگەڵ ئیسرائیل بە هەر شێوەیەک بێت؛ دروستکردنی ئەو پەیوەندییە لەلایەن هاووڵاتییانی عێراقیی ناوەوە یان دەرەوەی عێراق بێت، یان بەرپرسانی مەدەنی و سەربازی بێت، یان ئەو بیانییانەی کە لە عێراق نیشتەجێن.
 
سزاکانی ئەو یاسایە لەنێوان بەندکردنی تاهەتایی یان کاتی تاوەکو لەسێدارەدانە بۆ ئەو کەسانەی بەگوێرەی یاساکە تۆمەتبار دەکرێن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی پارێزگای بەسرە.

هەوڵەکانی بە هەرێمکردنی بەسرە چڕ دەکرێنەوە

لەناو ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە، جووڵەیەکی نوێ بۆ کاراکردنەوەی پڕۆژەی بە هەرێمکردنی پارێزگاکە دەستیپێکردووە و واژۆ بۆ ئەو مەبەستە کۆکراوەتەوە؛ جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکەش دەڵێت، ساڵی 2025 هیچ بڕە بودجەیەک بۆ بەسرە خەرج نەکراوە.