رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی چیک و نوێنەرانی 20 کۆمپانیای ئەو وڵاتە کۆبووەوە، باسی هاوئاهەنگییان لە کەرتەکانی کشتوکاڵ، وزە، تەندروستی، گواستنەوەی ئاسمانی و خوێندنیان کرد. وەزیری دەرەوەی چیک بانگهێشتنامەی سەرۆککۆماری وڵاتەکەی گەیاندە سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەوەی سەردانی چیک بکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25-5-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە نووسینگەی خۆی لە بەغدا پێشوازی لە یان لیپاڤسکی، وەزیری دەرەوەی چیک و نوێنەری 20 کۆمپانیای ئەو وڵاتە کرد کە بە سەردانێک دوو رۆژە لە عێراقن.
چەندین تەوەر لە کۆبوونەوەکەدا باسکراون و سوودانی گوتوویەتی، "عێراق قۆناخی خراپی دۆخی ئەمنیی تێپەڕاندووە و بۆ وەبەرهێنان دەرگەی بەڕووی کۆمپانیاکاندا کراوەیە، بەتایبەت لەبەردەم کۆمپانیاکانی چیک بۆ ئەوەی رۆڵیان لە پلاندانانی تایبەت بۆ باشترکردنی ژێرخان و نوێکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان هەبێت."
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بۆ رۆڵی چیک لە هاوپەیمانیی شەڕی دژی داعش و هێزەکانی هاوپەیمانی ناتۆ کردووە و رایگەیاندووە، "حکومەت هەوڵ بۆ داڕشتنی تێڕوانینێکی نوێ لەنێوان عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش دەدات لەسەر بنچینەی پێویستیی کردەیی و تێڕوانینی داهاتوو بۆ ئاڵنگارییەکان."
یان لیپاڤسکی، وەزیری دەرەوەی چیک، لە کۆبوونەوەکەدا پێشوازیی وڵاتەکەی بۆ هەنگاوە ئابوورییەکانی عێراق نیشانداوە و رۆڵی حکومەتی عێراقی بەرزنرخاندووە و ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، شاندی 20 کۆمپانیای چینی بۆ گەڕان بەدوای دەرفەتی هاوئاهەنگی ئابووریی هاوبەشدا لەگەڵ عێراق هاوگەشتی وەزیری دەرەوە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ