رووداو دیجیتاڵ
دوای پێشبینییەکانی کەشناسی لەبارەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، چوار پارێزگای عێراق پشوویان راگەیاند و چەند پارێزگایەکی دیکە دەوامیان کەم کردەوە.
هەریەکە لە پارێزگاکانی بەسرە، مەیسان، زیقار و واست بە راگەیێندراوێک سبەی یەکشەممەیان کردە پشوو، هۆکارەکەشیان بۆ بەرزیی پلەی گەرما گەڕاندووەتەوە.
هاوکات، دیوانی پارێزگای دیالە رایگەیاندووە، "بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، بەدرێژایی ئەم هەفتەیە، دەوامی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان تاوەکو کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ دەبێت."
لەلایەکی دیکەوە، پارێزگای سەلاحەدین بۆ سبەی یەکشەممە، کاژێرێک کاتی دەوامی کەم کردەوە و پارێزگای بابلیش دەستکاری کاتی دەوامی کرد و لە کاژێر 07:00ـی بەیانییەوە دەوامی فەرمانگەکان دەستپێدەکات.
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشبینی دەکرێت سبەی یەکشەممە لە بەشێکی پارێزگاکانی خواروو و نێوەڕاستدا پلەی گەرما بگاتە 52 پلە."
جابری گوتی، "لە رۆژی سێشەممەوە پلەی گەرما تاڕادەیەک دادەبەزێت."
بە گوێرەی ماڵپەڕی ئێلدۆرادۆی ئەمریکی، ئەمڕۆ بەسرە دووەم و کەرکووک دەیەم گەرمترین شوێنەکانی جیهان بوون.
ماڵپەڕەکە دەڵێت، ئەمڕۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە کە گەرماکەی 51.1 پلەی سیلیزی بووە، دووەم گەرمترین شوێنی سەر رووی زەوی بووە لە دوای شاری ئەهوازی پارێزگەی خوزستانی ئێران کە پلەکەی 51.2 بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ