دادگەی فیدراڵیی عێراق تەنیا ئەمساڵ تاوتوێی 19 سکاڵای لە دژی هەرێمی کوردستان کردووە

26-09-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
باڵەخانەی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق
باڵەخانەی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمساڵ 19 سکاڵا لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە دژى هەرێمى کوردستان تاوتوێکراون. دادگەی باڵای فیدراڵی هەندێک لە سکاڵاکانی یەکلایی کردوونەتەوە و هەندێکیشیان ماون.
 
بەگوێرە خشتەى کارەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵى، لە 01ـی کانوونى دووەم تاوەکو 18ـى تشرینى یەکەم، 19 سکاڵا لە دژى هەرێمى کوردستان تاوتوێکراون یان دەکرێن، سێ لە سکاڵاکان لە دژى هەرێمى کوردستان بڕیاریان لێدراوە، 10 سکاڵایان رەتکراونەتەوە و حەوتیان ماون یەکلایی بکرێنەوە.
 
رۆژی 24-09-2023، دادگەى باڵای فیدراڵیى عێراق هەموارى مادەیەکى یاسای پارێزگاکانى هەرێمى کوردستانى هەڵوەشاندەوە کە لە ساڵى 2019 لە پەرلەمان پەسندکراوە، بەوپێیە بەردەوامیى ئەو ئەنجوومەنانە لە کارکردن بەلاى دادگەکەوە نادەستوورییە.
 
ئەوە یەکەم پەکخستنى دامەزراوەکانى هەرێمى کورستان نەبوو لەلایەن دادگەى فیدراڵییەوە، رۆژی 30-05-2023، دادگەکە یاساى درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى کوردستانى هەڵوەشاندەوە، بەوەش کارەکانى پەرلەمانی کوردستان راگیران.
 
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق گوتی، "ئەوەی کە گرفت دروست دەکات لە هەرێمی کوردستان، پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەڵوەشاونەتەوە. باشترین بژاردە لەبەردەم دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە بڕیار لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان بدەن بۆ ئەوەی لەم بۆشاییە یاساییە دەربازی بێت."
 
بڕیارەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵى، دوو دامەزراوەى لە هەرێمى کوردستان راگرت کە لە رێگەى هەڵبژاردنەوە ئەندامانیان دیاریدەکرێن. ئەو دۆخە وایکردووە دەسەڵاتى یاسادانان و چاودێرى لە هەرێمى کوردستان پەکیان بکەوێت، کە پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکانن.
 
سەرەتای مانگی داهاتوو، هەرێمى کوردستان چاوەڕێى بڕیارێکى دیکەی دادگەی باڵای فیدراڵی دەبێت، لەبارەی سکاڵایەک کە لە دژى نۆ مادەى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە