رووداو دیجیتاڵ
راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق رەتیکردەوە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان کە تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق دواخرابێت و دەڵێت: "وەک خۆیەتى لە وادەى دیاریکراوى خۆیدا دەکرێت".
درەنگی شەوی رابردوو، راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێنراوێکدا ئەو رەتکردنەوەیەی بڵاوکردەوە.
راگەیاندنی پەرلەمان دەڵێت: "دانیشتنی رۆژی سێشەممە کە تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار وەک خۆیەتی لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا و ئەو دەنگۆیانەی باس دەکرێن لەبارەی دواخستنی، راست نین".
سەرۆکایەتى پەرلەمانی عێراق سێشەممە 27ی کانوونی دووەمی دیاریکردووە بۆ دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.
پێشتر لە 26ی کانوونی دووەم فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراق هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق ناکرێت".
بەگوێرەی مادەی 70ی دەستووری عێراق، پەرلەمان بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی، سەرۆککۆمار هەڵدەبژێرێت. ئەگەر هیچ بەربژێرێک ئەو رێژەیەی بەدەستنەهێنا، کێبڕکێ لەنێوان ئەو دوو بەربژێرەدا دەکرێت، کە زۆرترین دەنگیان هێناوە و لە گەڕی دووەمدا هەر کامیان زۆرترین دەنگ بهێنێت، دەبێتە سەرۆککۆمار.
19 بەربژێر بۆ رکابەریی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆمار ماونەتەوە، دیارترینیان فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ