زیانلێکەوتووانی پێنج پارێزگای باشووری عێراق بە ناوی مادەی 140ـەوە قەرەبوو دەکرێنەوە

27-04-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
14 هەزار و 67 کەس لە زیانلێکەوتووانى جەنگى ئێران و عێراق لە پێنج پارێزگاى عێراق لە پارەى مادەى 140 قەرەبوو کراونەتەوە.
14 هەزار و 67 کەس لە زیانلێکەوتووانى جەنگى ئێران و عێراق لە پێنج پارێزگاى عێراق لە پارەى مادەى 140 قەرەبوو کراونەتەوە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140 دەستی بە قۆناخێکی دیکەی قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانە کردووە، کە مادەکە دەیانگرێتەوە.
 
جگە لە ئاوارە و عەرەبی هاوردە لە ناوچە کوردستانییەکان، زیانلێکەوتووانى نێوەڕاست و باشوورى عێراقیش قەرەبوو دەکرێنەوە.
 
14 هەزار و 67 کەس لە زیانلێکەوتووانى جەنگى ئێران و عێراق لە پێنج پارێزگاى عێراق لە پارەى مادەى 140 قەرەبوو کراونەتەوە. 
 
لە بابل 1422 کەس چەکى قەرەبوویان وەرگرتووە، لە واست 875 کەس، لە میسان 3593 کەس، لە بەسرە 2364 کەس و لەزیقاریش 5897 کەس قەرەبوو کراونەتەوە.
 
کاکە رەش سدیق، ئەندامى لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140 بە رووداوى راگەیاند: "پێنج نووسینگەى لیژنکە لەو پارێزگایانەى عێراق هەن و قەرەبووى ئەوانە دەکەنەوە، کە لە جەنگى عێراق و ئێران زەرەرمەند بوون."
 
لە یاساى بودجەى گشتى 2023ى عێراقدا 100 ملیار دینار بۆ قەرەبووکردنەوەى مادەى 140 تەرخانکراوە.
 
پەروین فاتیح، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک دەڵێت: "پرۆسەکە سستە، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ژمارەی ئاوارەکان ئێگجار زۆرە. ماوە ماوەش بەهۆی هەندێک کێشەوە، دەوەستێت. لەگەڵ ئەوەین کە ئاوارەکانی کەرکووکیش، ئەوانەی گەڕاونەتەوە، بە زووترین کات بڕە پارەی خۆیان وەربگرن. بەڵام هەندێک هۆکاریش هەن، لەوانە، بودجەی 2023 و 2024 و 2025 کە بەیەکەوە پەسند دەکرێت و، زۆرجار دەڵێن، هی ئەو سێ ساڵە کۆتایی هاتووە، ئەم مەزەندەکردنی پارە و دانانی بودجە بۆ مادەی 140 کەموکوڕیی تێدا دیارە."
 
لەو هەشت مانگەدا 2206 چەکى قەرەبوو لە کەرکووک و 855 چەک لە خانەقین بۆ ئاوارەکان خەرجکراون، لەکاتێکدا تەنیا لە کەرکووک 696 عەرەبی هاوردە قەرەبوو کراونەتەوە.
 
زیاتر لە شەش هەزار مامەڵەى ئاوارەى ناوچە کوردستانییەکان تەواو بوون و چاوەڕێى وەرگرتنى چەکى قەرەبوون، 20 هەزار دۆسیەش لە قۆناخى وردبینیدان.
 
لەو هەشت مانگەدا لیژنەکە هیچ بانگەوازێکى بۆ قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووانى ناوچەکانى مادەى 140ى نەینەوا نەبووە.
 
محەممەد کاکەیی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا دەڵێت: "لە ساڵی 2014ـەوە تائێستا لە سنووری شنگال هیچ چەکێکی قەرەبووکردنەوە دابەش نەکراوە، بەهەمان شێوە لە سنووری مەخمووریش، بە رێژەیەکی زۆر کەم خەڵکەکە چەکیان وەرگرتووە. دوای هاتنی داعش بۆ ناوچەکە، بەتایبەتی بۆ پارێزگای نەینەوا، نووسینگەی مادەی 140 لە شنگال داخرا." 
 
بەگوێرەى مادەى 140 هەر ئاوارەیەک 10 ملیۆن دینار و عەرەبى هاوردە 20 ملیۆن دینار قەرەبوو وەردەگرن، هەروەها دەبێت پارچە زەوییەکیشیان بدرێتێ، بەڵام ئەو ئاوارانەى لە کەرکووک قەرەبوو کراونەتەوە زەوییان وەرنەگرتووە.
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە