رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار دەڵێت، قوتابخانەیەکی 24 پۆلی لە سەنتەری ناحیەکەیان دروست دەکرێ. لە پارێزگای نەینەواش بەردی بناخەی 10 قوتابخانە دادەنرێ.
ئەحمەد جەعفەر، بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار، رۆژی پێنجشەممە 27-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، قوتابخانەیەکی 24 پۆلی لە سەنتەری ناحیەی زوممار دروستدەکرێ. نووسراویان بۆ پەروەردە و شارەوانی کردووە؛ بەڵام تاوەکو ئێستا بەردی بناخەی قوتابخانەکە دانەنراوە.
لە رووی ئیدارییەوە زوممار سەر بە قەزای تەلەعفەری پارێزگای نەینەوایە، ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 150 هەزار كەسە و لە كورد و عەرەب پێكدێن، نزیكەی 80 گوندە و نیوەی کورد و نیوەی عەرەبن. حەوت گوندی ناحیەكەش لە چوارچێوەی پرۆسەی تەعریب لەسەردەمی رژێمی بەعسدا خراونەتە سەر ناحیەی رەبیعە.
وەزارەتی پەروەردەی عێراق، رۆژی چوارشەممە 26-06-2024 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی نەینەوا لە کۆی 34 قوتابخانە دەستی بە دانانی بەردی بناخەی 10 قوتابخانەی نوێ کردووە. قوتابخانەکان 18 و 24 پۆلین لە موسڵ، قەزا و ناحیەکانی تەلەعفەر، زوممار، رەبیعەیە بەهاوکاریی ئیدارەی خۆجیی جێبەجێ دەکرێن.
قوتابخانەکان لە چوارچێوەی پرۆژەی رێککەوتنی چین و عێراقە، وەک قۆناخی یەکەم هەزار قوتابخانە لە پارێزگاکانی عێراق دروست دەکرێن، جگە لە هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەڵێ، ئەندازەی پەروەردە دەستبەکاربووە، قوتابخانەکان بە گوێرەی تایبەتمەندی تەلارسازیی جیهانی و هاوچەرخ، بە کوالێتی بەرز دروست دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ