رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژى حکومەتى عێراق دەڵێت، محەممەد شیاع سوودانی بەڵێنى داوە لەگەڵ کۆتاییهاتنی کابینەکەی، ئەرکى هاوپەیمانان لە عێراق کۆتایی بێت.
باسم عەوادى، گوتەبێژى حکومەتى عێراق رۆژی یەکشەممە (28-01-2024) گوتی، "کۆتاییهێنان بە ئەرکى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى یەکێکە لە بڕگەکانى کارنامەى ئەم حکومەتە و کۆتاییهاتنى ئەو ئەرکەش لە یەکەم کۆبوونەوەى لیژنەى باڵاى سەربازى بە سەرۆکایەتیى سەرۆکوەزیران دەستى پێکرد."
27ـی كانوونى دووەمى 2024، محەممەد شیاع سوودانى دەستپێکردنى دانوستاندنی دوو قۆڵى لە نێوان عێراق و ئەمریکا راگەیاند بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دژی داعش.
باسم عەوادى رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانى بەڵێنى داوە کە لەگەڵ کۆتاییهاتنی تەمەنى کابینەکەی، ئەرکى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دژی داعشیش کۆتایی بێت و ئەوەش بەدی دەهێندرێت.
تەمەنی ئەم کابینەیەى حکومەت لەگەڵ کۆتاییهاتنى تەمەنی پەرلەمان کۆتایی دێت کە لە تشرینی یەکەمی 2025 دەبێت.
هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دژی داعش بە سەرۆکایەتیى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە ساڵى 2014 لەسەر داواى بەغدا چووە هەرێمی کوردستان و عێراق و لە ساڵى 2018 کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان هێنا.
باسم عەوادى رایگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە کە دەست بکرێت بە تاوتوێکردنى ئایندەى کاری هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى و دانانى نەخشە رێگەیەک بۆ ئەوەى هەنگاو بنرێت بەرەو قۆناخێکى نوێ لە هاریکارى دوو قۆڵى نێوان ئەمریکا و عێراق.
گوتەبێژى فەرمى حکومەتى عێراق ئاماژەى بەوەشدا، حکومەتە یەک لە دواى یەکەکانى عێراق لە ساڵى 2014ـەوە دانیان بە بوونى هێزى شەڕکەردا نەنانەوە لە خاکى عێراق، بەڵکو وەک راوێژکار مامەڵەیان لەگەڵ هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى کردووە و گوتیشى، "سەرجەم ئەوەى پەیوەندیدارە بە ئەرکى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى، بۆ هێزە چەکدارەکانى عێراق دەگوازرێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ