ژیریی دەستکرد لە بانگەشەی هەڵبژاردندا؛ 'ژمارەیەکی زۆر دۆسیە تۆمارکراون'

29-10-2025
مالیک محەممەد
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەدوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 1800 دۆسیەی "بڵاوکراوەی ناڕاست و چەواشەکاری" لە میدیا و سۆشیاڵ میدیا تۆمارکران، ئەم هەڵبژاردنەش دوور نییە لەو کارانە، بەگوێرەی زانیاری بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی عێراق بۆ رووداو: "تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە چەواشەکاری و یاریکردن بە وێنە و ڤیدیۆ لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا تۆمارکراون."
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی عێراق دەڵێ: "سەرجەمی ئەو پێشێلکاریی و چەواشەکارییانەی ئێستا دەکرێن لە رێگەی ژیریی دەستکردەوەن".
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی هاوبەشی نێوان نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق کە لە ساڵی 2021 بەڕێوەچوو، هەڵمەتێکی گەورەی چەواشەکاری روویدا، زیاتر لە 1800 دۆسیەی چەواشەکاری تۆمار کراوە، زانیاریی ساختەی لەسەر کارکردنی کۆمیسیۆن، بانگەشەی بوونی ساختەکاریی بەرفراوان و شێواندنی ڤیدیۆی کۆن وەکو نیشانەی دیاری ئەو هەڵمەتە بوون.''
 
لە راپۆرتە هاوبەشەکەی یونامی و کۆمیسیۆن ئاماژە بە "پێویستیی دامەزراندنی میکانیزمێکی نیشتمانی" کراوە، بۆ وەڵامدانەوەی خێرای پڕوپاگەندەکان و هاوکاریکردن لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی "بۆ چاودێری و رێگری هەڵمەتە چەواشەکارەکان پێش بڵاوبوونەوەیان."
 
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق: دەبێت بەربژێرەکان پابەندی رێنماییەکانمان بن
 
هیشام روکابی، ئەندامی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق رۆژی چوارشەممە 29-10-2025  بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ژیریی دەستکرد دەبێتە هەڕەشە ئەگەر زانیاریی ساختە و گێرەشێوێنانەی لەڕێگەوە بڵاو بکرێتەوە، پێویستە حیزب و بەربژێرەکان پابەندی ئەو رێنماییانە بن ئێمە بڵاویان دەکەینەوە، بۆئەوەی دووربن لەو هەڕەشانە."
 
ئەو ئەندامەی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق دەڵێ: "ئەوانەی ژیریی دەستکرد بەکاردێنن بۆ چەواشەکردنی خەڵک لە بانگەشەد دەبێت بزانن هیچ سوودێکی لێنابینن، دەنگ بە کاری ساختە و چەواشەکاری بەدەست ناهێنرێت."
 
'مەترسی زیاتر لەسەر بەربژێرانی ژنە'
 
زانا عوسمان، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "ژیریی دەستکرد دەکرێت ببێتە مەترسی لە ماوەی بانگەشەدا، بەتایبەتی مەترسی زیاتر لەسەر بەربژێرانی ژنە.''
 
بە گوتەی زانا عوسمان، لەلایەن تیمێکی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانەوە خولێکی تایبەتیان لەبارەی ژیریی دەستکرد و مەترسییەکانی لەسەر پڕۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ کراوەتەوە.
 
بەرپرسی راگەیاندنی و پەیوەندییەکانی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان هیچ دۆسیەیەکی لەوشێوەیە تۆمار نەکراوە، چونکە خەڵکیش هۆشیاریی لەوبارەیەوە هەیە و راستی و ساختە لێک جیا دەکاتەوە."
 
هاوکات، هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، هیچ شتێك لەوبارەوە لەلای ئەوان تۆمار نەکراوە، بەڵام لیژنەی چاودێری و فیلتەریان هەیە و ئەگەر حاڵەتێک هەبێت تۆماری دەکەن.
 
ناوەندی میدیای دیجیتاڵیی عێراق هۆشداری دەدات
 
ناوەندی میدیای دیجیتاڵی  DMC، هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی نێوەڕۆکی ساختە لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن لە رێگەی تەکنیکەکانی ژیریی دەستکردەوە لە عێراق دەدات، ئاماژەی بەوە کردووە: "پێویستە متمانەی زیاد لەپێویست بە ئامرازەکانی ئاشکراکردنی ساختەکاریی قووڵ ( Deep fake) نەکرێت، چونکە ئەم ئامرازانە هێشتا رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە رەنگە کاریگەرییان لە ژینگە دیجیتاڵییە خێرا گەشەسەندووەکان کەم بکاتەوە."
 
ناوەندەکە لە راگەیێندراوێکدا رۆژی 24ی ئەم مانگە رایگەیاند: "توێژینەوە و تاقیکردنەوەی کرداریی باوەڕپێکراو ئاماژەیان بەوە داوە دەکرێت ئەم ئامرازانە لە رێگەی 'هێرشی دووژمنکارانە' هەڵبخەڵەتێنرێن، تەکنیکێکن پشت بە گۆڕانکاریی ورد دەبەستن، چاوی مرۆڤ هەستیان پێناکات، بەڵام بەسن بۆ دەستکاریکردنی ئەنجامی پشکنینەکان، وەکو چۆن توێژەرانی زانکۆ بەنێوبانگەکان توانیویانە لە هەندێک حاڵەتدا رێژەی هەڵخەڵەتاندنی سەرووی 99% بەدەستبهێنن."
 
ناوەندی میدیای دیجیتاڵی دەڵێت، "بابەتەکە تەنیا لایەنی تەکنیکی نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە رەوشێکی گرنگی نێوخۆییەوە هەیە، چونکە لە عێراقدا بڵاوبوونەوەی ژمارەیەکی زۆر نێوەڕۆکی ساختە لە پلاتفۆرمەکاندا بەدیکراوە، ئامانجیان کاریگەری دروستکردنە لەسەر رای گشتی و شێواندنی راستییەکان." ئاماژەی بەوەش داوە: "چاودێریی گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی ساختە کراوە، بە مەبەستی چەواشەکاری و کاریگەری دروست کردن لەسەر رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی عێراق بڵاوکراونەتەوە."
 
'هەڵگێڕانەوەی زانیارییەکان مەترسیی هەرەترسناکی ژیریی دەستکردە'
 
ساهیرە سدیق، بەرپرسی تەکنیکیی رووداو دیجیتاڵ دەڵێت: "ژیریی دەستکرد ئامرازێکی بەهێزە دەتوانێت داهێنان لە زۆر بواردا بکات، بەڵام پێشێلکردن و دەستبردن بۆ تایبەتمەندییە کەسییەکان و هەڵگێڕانەوەی زانیارییەکان و دروستکردنی زانیاری، دەنگ، ڤیدیۆ و وێنەی ساختە و شێوێنراو، مەترسیی هەرە ترسناکی ژیریی دەستکردن."
 
ئەوەی ئێستا مەترسییەکەی زیاتر کردووە ئەوەیە "ئەو جۆرە ئەپڵیکەیشنانەی زانیاری و دەنگ و دیمەنی ساختە بەرهەم دێنن زۆربوونە و بە ئاسانی دەکەونە بەردەستی هەموو کەسێک."
 
ساهیرە سدیق دەڵێت، "تەکنەلۆجیای 'AI face swap' بەردەوام لە پێشکەوتندایە، تواناکانی لە گۆڕین و یاریکردن بە دەموچاوی مرۆڤ رۆژ دوای رۆژ هەمەچەشن و سەرنجڕاکێشتر دەبێت. هەر ئەوەشە وایکردووە مەترسییەکانی رۆژ دوای رۆژ زیاتربن."
 
'لیژنەی ئاسایشی سایبەری چاودێریی بانگەشەی هەڵبژاردن دەکات'
 
فەریق روکنی یەکەم قەیس مەحمەداوی، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە لیژنەیەکی تایبەتمان بە ئاسایشی ئەلکترۆنی هەیە، چاودێری و بەدواداچوون بۆ ئەو پۆستانە دەکات لە سۆشیاڵ میدیا و راگەیاندنەکان لەماوەی بانگەشە و رۆژانی دەنگدان دا بڵاو دەکرێنەوە."
 
قەیس مەحمەداوی دەڵێ: "تاوەکو ئێستا کەس لەلای ئێمە لەسەر ئەو پرسە سکاڵای نەکردووە، بەڵام چەند دۆسیەیەک هەبوون لیژنەکەمان تۆماری کردوون و بەدواداچوونی بۆ دەکەن."
 
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردن داوا دەکات: "بەربژێر و هاووڵاتییان هۆشیاربن و باوەڕ بە هەموو جۆرە پۆست و بڵاوکراوەیەک نەکەن، هەر بەربژێرێکیش لەڕێگەی ژیریی دەستکرد یان هەر رێگەیەکی دیکە هێرشی کرایەسەر و تووشی ناوزڕاندن بووەوە، دەتوانێت پەیوەندی بەو لیژنەیەوە بکات."
 
موزەفەر عەبدولڕەحمان، بەرپرسی هەماهەنگیی ئەمنیی کۆمیسیۆن لە هەرێمی کوردستان، بە رووداوی راگەیاند: "لیژنەی ئاسایش تاوەکو ئێستا دۆسیەی لەوشێوەی تۆمار نەکردووە، بەڵام لیژنەیەکی تایبەتمەندی بواری ئایتیمان هەیە، ئەگەر کەسێک لەرێگەی ژیریی دەستکردەوە تووشی ناوزڕاندن یان پێشێلکردنی دیکە بووەوە، دەتوانێت پەیوەندییمان پێوەبکات."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە