گالەری

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
1 Photos
هەستیار قادر
هەستیار قادر

رووداو دیجیتاڵ 

بە گوتەی دوو بەرپرسی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، رکابەریی بەدەستهێنانی پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان لەنێوان عەدنان فەیحان لە هاوپەیمانیی سادیقوون و موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەساسە.
 
دووشەممە، 29ی کانوونی یەکەمی 2025، سەباح ساڵحی، ئەندامی مەکتەبی جێبەجێکردنی رەوتی حیکمە و ئەندامی شاندی رەوتەکە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، دانوستاندنی نێوان فراکسیۆنە شیعەکان لە پەرلەمانی عێراق بەردەوامە بۆ یەکلایی کردنەوەی بەربژێری پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان کە دوو ئاراستە هەن؛ یەکێکیان ئەوەیە ئەو پۆستە بۆ هاوپەیمانیی سادیقوون بێت، ئەوی دیکەیان ئەوەیە کە موحسین مەندەلاوی ئەو پۆستە وەربگرێتەوە.
 
سەباح ساڵحی رایگەیاند، بەربژێرانی هاوپەیمانیی سادیقوون بۆ ئەو پۆستە، عەدنان فەیحان و عودەی عەوادن. 
 
هاوپەیمانیی سادیقوون باڵی سیاسیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی هەقە، لە هەڵبژاردنی 11ی تشرینی دووەمی پەرلەمانی عێراق 28 کورسیی بەدەستهێناوە.
 
ئەبوو میساق مەساری، ئەندامی سەرکردایەتیی رێکخراوی بەدر بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "عەدنان فەیحان زۆرترین چانسی هەیە کە ببێتە بەربژێر بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام یەکلایی کردنەوەی ئەو پرسە پەیوەستە بە قورسایی فراکسیۆنەکان لە رووی ژمارەی کورسییەوە."
 
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 29ی کانوونی یەکەم، خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق یەکەم کۆبوونەوە بکات و ئەندامانی نوێ سوێندی دەستووری دەخۆن و سەرۆک و جێگرانی سەرۆکی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێن.
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو لە دوو سەرچاوەی بەرپرسی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەستی کەوتووە، بەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بەربژێریان بۆ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان یەکلا دەکەنەوە و بەیانیی ئەمڕۆ بە جیا فراکسیۆنەکان چەند کۆبوونەوەیەکیان کردووە.
 
بەها ئەعرەجى، ئەندامی سەرکردایەتیی هاوپەیمانى ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "هێشتا پۆستى جێگرى سەرۆکى پەرلەمان یەکلایی نەکراوەتەوە لە نێوان  سادیقوون و موحسین مەندەلاویدا، بەدڵنیاییەوە چوارچێوەى هاوئاهەنگى یەک بەربژێرى دەبێت."
 
ئەو سەرچاوانە بۆ رووداو باسیان لەوە کرد کە پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان بەرامبەر 12 بۆ 15 کورسی خەمڵێنراوە و لەسەر ئەو بنەمایە پۆستەکە یەکلایی دەکرێتەوە کە بەر کێ دەکەوێت و لە بەرانبەردا لە پشکی پۆستە وزارییەکان کەم دەکرێتەوە.
 
بە گوتەی ئەبوو میساق مەساری، عەسائیبی ئەهلی هەق جگە لە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، داوای چەند وەزارەتێکی کردووە.