رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ وەزیرانى پەروەردەى هەرێمى کوردستان و حکومەتەکەى کۆبووەوە، دۆخى خوێندن لە هەردوولا تاوتوێ کران. محەممەد شیاع سوودانى گوتى، "گرنگە پێداویستییەکانی بەردەوامبوونی خوێندنى قوتابخانە عەرەبییەکان لە هەرێمى کوردستان دابین بکرێن."
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ سێشەممە 30ى نیسان لە بەغدا کرا. ئالان حەمەسەعید، وەزیرى پەروەردەى هەرێمى کوردستان؛ ئبیراهیم جبوورى، وەزیرى پەروەردەى عێراق و فارس عیسا، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا بەشدار بوون.
بەگوێرەى راگەیێندراوى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا ئاڵنگاری و بەربەستەکانى بەردەم کەرتى پەروەردەى هەرێمى کوردستان و عێراق تاوتوێ کراون، لەگەڵ هەنگاوەکانى هاریکاریى نێوان هەردوو وەزارەتى پەروەردە.
سوودانى رایگەیاندووە، گرنگە پێداویستییەکان بۆ بەردەوامبوونی خوێندنى قوتابیانى قوتابخانە عەرەبییەکان لە هەرێمى کوردستان دابین بکرێن و جێگرەوەى وایان بۆ ئامادە بکرێت کە بەردەوام بن لە خوێندنى ئەم ساڵ و ساڵانى دواتر.
قوتابخانەکانى خوێندنى عەرەبی لە هەرێمى کوردستان تایبەتن بە ئاوارەکان و ئەو خێزانە عەرەبانەى لە هەرێمى کوردستان نیشتەجێن.
پەیامەکەى سوودانى بۆ پاڵپشتى خوێندن لە قوتابخانە عەرەبییەکان لەکاتێکدابوو دادگەى فیدراڵى عێراق تاوتوێى سکاڵایەکى کرد لە دژى داخستنى کەمپى ئاوارەکانى هەرێمى کوردستان و ئەو قوتابخانانە. بڕیارى داخستنى قوتابخانەکان لە 13ى شوباتى ئەمساڵ لەلایەن وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى فیدراڵەوە دەرکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ