رووداو دیجیتاڵ
سەدان هەزار کەس لە لایەنگرانی سەدر کە پێشتر رێبەری رەوتەکە بانگەوازی بۆ کردبوو، ئەمڕۆ چوونە سەر شەقام و دژی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوێد، ناڕەزاییان دەربڕی و بەشێکیان قورئانیان بەرزکردەوە.
خۆپێشاندانەکە لە بەردەم باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا بەڕێوەچوو. خۆپێشاندەران ئاڵای هاوڕەگەزخوازانیان لەسەر زەوی دانابوو و خستیانە ژێر پێ، هەروەها داوای داخستنی باڵیۆزخانەی سوێد و دەرکردنی باڵیۆزەکەیان لە عێراق کرد.
یەکێک لە خۆپێشاندەران قسەی بۆ ئەنمار غازی، پەیامنێری رووداو کرد و گوتی، بە هەموو شێوەیەک سووتاندنی قورئان سەرکۆنە دەکەن، چونکە ئەمە دەستووری خودایە و نابێت هیچ کەسێک سووکایەتیی پێ بکات. گوتیشی، سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەن کە لە بەرامبەر ئەو کارەدا هاتووەتە دەنگ و پەیامی تووندی هەبووە.
لە خۆپێشاندانەکەدا پەیامی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر خوێندرایەوە کە تێیدا رایگەیاند، "ئەگەر ئێوە پێتان وایە سووتاندنی ئاڵای هاوڕەگەزخوازان تاوانێکی گەورەیە کە ئەمریکا و پاشکۆکانی دەنگیان بۆ هەڵبڕی، ئەی بۆچی سووتاندنی قورئان بە تاوانێکی گەورە هەژمار ناکەن؟ لە کاتێکدا کە خۆشەویستانی قورئان زۆر زیاترن لە هاوڕەگەزخوازان."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی رێبەری رەوتی سەدرا هاتووە، "سووتاندنی قورئان دەبێتە هۆی دروستبوونی رق و کینە لای موسڵمانان. ئەگەر پێتان وایە وەک خۆتان دەڵێن سووتاندنی قورئان سووتاندنی کتێبێکی هاندەرە بۆ بیروباوەڕی تووندئاژۆیی و تیرۆر، ئێمەش پێمان وایە هاوڕەگەزخوازیش تێکدانی شیرازەی خێزان و شێواندنی سرووشتی مرۆڤە و رێگرییە لە وەچەخستنەوە و بێڕێزییە بەرامبەر پیرۆزی و هاوسەنگی خێزان لە پایەی باوک، دایک، خوشک و برا."