گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی: سوودانی پێیگوتین لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا پارەی مووچە دەنێرین

31-07-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە و 10 داواکارییان پێشکێشی سوودانی کرد، گوتەبێژی فراکسیۆنەکەش دەڵێت، سەرۆکوەزیران پێیگوتن لە ماوەیەکی "زۆر نزیکدا" مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 31-07-2023  شاندێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق کە پێکهاتبوون لە سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی فراکسیۆنەکە، سەردانی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراقیان کرد. 
 
سۆزان مەنسوور، گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کە یەكێک بوو لە ئەندامانی شاندەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کۆبوونەوەکە زیاتر لە کاژێرێکی خایاند، سەرەتاکەی بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستمانپێکرد، کە نزیکەی دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، داوامانکرد هیچ کێشەیەکی سیاسی کاریگەری نەکاتە سەر ناردنی مووچەی فەرمانبەران، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەکاتی خۆیدا بدرێت.  سەرۆکوەزیران رۆڵی خۆی بگیرێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان و سوودانی بەڵێنی دا کاریگەری خۆی بەشێوەیەکی ئەرێنیانە بەکاربهێنێت بۆ ئەو بابەتە". 
 
سەبارەت بە وەڵامی سوودانیش بۆ داواکارییەکەیان،  گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی گوتی: "سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی لەماوەیەکی کورتدا ئەو کێشە چارەسەر دەبێت و مووچەی فەرمانبەران دەنێردرێت".
 
سۆزان مەنسوور، کە هاوکات نوێنەری قەزای خانەقینە لە سنووری پارێزگای دیالە گوتی داوایانکرد دان بە زانکۆی گەرمیان بنرێت و هاوسەنگی لە نێوان پێکهاتەکانی خانەقین هەبێت، ئەو کەسەی پۆستی پێدەدرێت لە خانەقین خەڵکی شارەکە بێت نەک دەرەوە. هەروەها داوای دابینیکردنی خزمەتگوزارییەکانیان کردووە بۆ قەزاکە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی فراکسیۆنی یەکێتی، لەدیدارەکەدا ئەو داخوازیانەیان لە سوودانی کردووە: 
 
1. ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان، یاخود سلفەیەک بۆ دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان. لەمبارەیەوە سەرۆکوەزیران جەختیکردەوە "لەماوەیەکی زۆر نزیکدا پارە بۆ هەرێم دەنێرین بۆ مووچە". 
 
2. تەرخانکردنی بودجەیەک وەکو دیاری سەرۆکوەزیران بۆ پارێزگای هەڵەبجە. 
 
3. داننان بە زانکۆکانی گەرمیان، چەرمۆ و راپەرین لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە. 
 
4. تەرخانکردنی بودجەیەکی دوو ملیار دیناری بۆ ئەنجامدانی پشکنینی DNA بۆ 171 روفاتی ئەنفالکراوانی گەرمیان کە ئێستا لە پزیشکی دادی بەغدان. 
 
5. ئەنجامدانی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە- چەمچەماڵ، کە کێشەی ئاوی خواردنەوەی چەمچەماڵ چارەسەر دەکات وەک دیاریەک بۆ پایتەختی ئەنفالکراوانی کوردستان.
 
6. دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجە لە سلێمانی. 
 
7. چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ لابردنی ئابلۆقەی ئاسمانی لەسەر فرۆکەخانەی سلێمانی. 
 
8. چارەسەرکردنی کێشەی زەویوزاری کشتوکاڵی جووتیارانی کوردی کەرکووک و دەوروبەری، بۆ ئەم مەبەستە سەرۆکوەزیران رایگەیاند لەگەڵ وەزیری دادی عێراق قسەیان کردوە و بڕیاریدا لیژنەیەکی لەوەزارەتە پەیوەندارەکان و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و پەرلەمانتارانی پارێزگالە پێکبهێنرێت. 
 
9. راگرتنی هاوسەنگی لە پۆستە ئیداریەکان و دامەزراندن لە کەرکووک و ناوچە کوردستانیە دابڕێنراوەکانی دیکە. 
 
10. دروستکردنی بەنداو بۆ گڵدانەوەی ئاو بۆ رووبەروبونەوەی کێشەی کەمئاوی. 
 
سەبارەت بەو داخوازییانە وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "سەرۆکوەزیران رایگەیاند هەموو داواکارییەکان تاوتوێ دەکەین و بڕیاری پێویستی لەبارەوە دەدەن".
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی جۆری 10 هەزار دیناری. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

کارکردن بە یاسای بودجەى عێراق رادەگیرێت

لە ساڵی نوێوە کارکردن بە دەقەکانی یاسای بودجەی گشتیی عێراق رادەگیرێت و خەرجکردنی پارەش بۆ هەندێک لە پڕۆژەکان بەستراوە بە دەستبەربوونی پارە. ئەندامێکی لیژنەی دارایی خولی پێنجەم دەڵێت، ئەم رێکارە ئاماژەیە بۆ بوونی کێشەی نەختینە.