ئاسایشی نێوخۆی حەلەب: گرووپەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری شێخ مەقسوودیان کردە ئامانج

دوێنێ کاژێر 01:57
سیروان عەباس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب، لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە گرووپەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریا لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا چەندین جار گەڕەکی شێخ مەقسوودیان کردووەتە ئامانج.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئێمە وەک هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب جەخت دەکەینەوە کە لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، گەڕەکی شێخ مەقسوود لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی کاتییەوە رووبەڕووی چەندین هێرش بووەتەوە. گەڕەکەکە چوار جار لەسەریەک کراوەتە ئامانج و لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا هاووڵاتییەک "شەهید بووە" و دوو هاووڵاتی دیکەش بریندار بوون، هەروەها زیانێکی زۆر بە ماڵ و موڵکی هاووڵاتییان گەیشتووە."
 
 
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە چوارچێوەی مافی رەوای خۆمان بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل، وەڵامێکی تووندڵمان بۆ ئەم هێرشانە هەبووە و هێزەکانمان دوو خاڵی ئەو گروپە چەکدارانەیان کردووەتە ئامانج."
 
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب دەڵێن، جەخت دەکەنەوە ئەم هێرشە پێشێلکارییەکی نوێی ئاگربەستە و نیشانەی بەردەوامیی پێشێلکردنی رێککەوتنەکانی پێشووە کە مەبەست لێیان پاراستنی خەڵکی سڤیل و دەستەبەرکردنی ئاسایشیان بوو.
 
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئێمە وەک هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ جەخت دەکەینەوە کە وەڵامدانەوەکان لە چوارچێوەی یاسا و پاراستنی گیان و ماڵ و موڵکی خەڵکی سڤیلدا دەبن. بانگەواز لە هەموو لایەنەکان دەکەین رێز لە مافەکانی خەڵکی سڤیل بگرن و ناوچە نیشتەجێبووەکان نەکەنە ئامانج."
 
بۆردوومانکردنی شاری دێر حافر
 
ئەمڕۆ دووشەممە 5-1-2026، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە نوێترین راگەیێندراویدا ئاشکرای کرد، ئێستا بۆردوومانێکی هەڕەمەکی بۆ سەر شاری (دێر حافر) هەیە لەلایەن گرووپەکانی "عەمشات" و "حەمزات"ـەوە.
 
هەسەدە لە راگەیێندراوەکەدا ئەو دوو گرووپەی بە "سەر بە حکومەتی دیمەشق" ناوبردووە کە لە "لیستی سزاکانی نێودەوڵەتیدان" و دەڵێت: "بۆردوومانەکە بە شێوەیەکی راستەوخۆ ماڵی هاووڵاتییان دەکاتە ئامانج و ژیانی خەڵک دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە."
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات جەخت لە "مافی تەواو و رەوای خۆی" دەکاتەوە بۆ بەرگریکردن لە شەڕڤانان و گەلەکەی لە سایەی ئەو بۆردوومانانەدا.
 
سەبارەت بە زیانەکانیش رایگەیاندووە: "بۆردوومانەکە هیچ زیانێکی گیانی یان ماددی لە ریزەکانی هێزەکانمان لێنەکەوتووەتەوە."
 
هەسەدە لایەنە هێرشبەرەکان بە بەرپرسیار دەزانێت لەو "تاوان و پێشێلکارییانە" و هەر لێکەوتەیەک کە بەهۆیەوە دروست دەبێت.
 
هەر ئەمڕۆ دووشەممە هەسەدە هەواڵێکی وەزارەتی بەرگریی سووریای رەتکردەوە، کە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە هێرشێکی درۆنی بۆ سەر خاڵێکی پۆلیسی سەربازی لە دەوروبەری حەلەب تۆمەتبار کردبوو. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە 5-1-2026، فەرمانگەی راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی سووریا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی "پەرەسەندنە بەردەوامەکان" بۆ سەر خاڵەکانی سوپا، هێزەکانی هەسەدە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان خاڵێکی پشکنینی پۆلیسی سەربازییان لە نزیک شارۆچکەی (دێر حافر) لە رۆژهەڵاتی حەلەب کردووەتە ئامانج.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی دیمەشق، لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا سێ سەرباز بریندار بوون و دوو ئۆتۆمبێلی پۆلیسی سەربازیش تێکشکاون.
 
بەڵام ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە راگەیێندراوێکدا بە تووندی ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و رایگەیاند: "ئەو دەنگۆیانە بە تەواوی هەڵبەستراو و گوماناوین."
 
هەسەدە دەڵێت، ئەمڕۆ هیچ جۆرە چالاکی، جووڵە، یان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان لەو ناوچەیە نەبووە و ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵانە "دروستکردنی پاساوە بۆ هێرشکردن".
 
هەسەدە جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەوان پابەندن بە پرەنسیپی دانبەخۆداگرتن و بەرپرسیارێتیی هەر دەرەنجامێک دەخەنە ئەستۆی ئەو لایەنەی بەیاننامەکەی دژیان بڵاوکردووەتەوە.
 
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدان رۆژی یەکشەممە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ کاربەدەستانی حکومەتی سووریا کۆبووەوە.
 
فەرهاد شامی، بەرپرسی راگەیاندنی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی تایبەت بە یەکگرتنی سەربازی بوو.
 
رۆژی 10ی ئاداری 2025، مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع لە دیمەشق کۆبوونەوە و رێککەوتنێکیان واژۆکرد. دواتر لێژنەیەکی هاوبەشیان بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی کۆبوونەوەکە پێکهێنا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی شەڕ و پێکدادانەکانی حەلەب.

ئاسایشی ناوخۆی حەلەب: 7 کەس شەهید بوون و حکومەت سیناریۆی سەردەمی بەشار ئەسەد دووبارە دەکاتەوە

هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب رایگەیاند، بەهۆی چڕبوونەوەی هێرشەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بە "تانک و درۆن،" ژمارەی قوربانییان لە گەڕەکە کوردنشینەکان بۆ زیاتر لە 60 کەس (گیانلەدەستدان و بریندار) بەرزبووەوە؛ رێکارەکانی حکومەتیش بە "دووبارەکردنەوەی سەردەمی ئەسەد" وەسف دەکات.