رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی نێوخۆی حەلەب سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بە "تانک، تۆپ و کاتیۆشا" هێرشێکی بەرفراوانیان کردووەتە سەر سێ گەڕەکی شارەکە کە زیاتر لە 600 هەزار سڤیلی تێدایە و لە ئەنجامدا 3 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و 26ی دیکەش بریندارن، کە منداڵی دوو ساڵانیان تێدایە.
رۆژی سێشەممە 06-01-2026 هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ لە حەلەب (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر)، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بە هەموو جۆرە چەکێکی قورس (تانک، تۆپی قورس، مووشەکهاوێژی گراد و کاتیۆشا، هاوەن و دۆشکە) هێرشیان کردووەتە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و بەنی زەید."
ئاسایش دەڵێ، مووشەک و تۆپبارانەکە بەشێوەیەکی تووند زۆربەی ناوچەکانی گرتووەتەوە، بەتایبەت ناوچەکانی (مزگەوتی حەسەن، مزگەوتی گەورەی شێخ مەقسوود، شەقامی 15، شەقامی 20، گۆڕەپانی شەهیدان، شەقیف، گەڕەکی مەعرووف). دەیان خانوو و باڵەخانە زیانی گەورەیان بەرکەوتووە.
بەگوێرەی ئاماری ئاسایش، سێ هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە کە ناو و تەمەنیان بەم شێوەیە:
- فاتیمە حەمادە (41 ساڵ)
- مەسعود فایەق عەبدۆ (30 ساڵ)
- جۆرج خەوام (42 ساڵ)
هەروەها 26 هاووڵاتی بریندار بوون، کە ناو و تەمەنیان بەم شێوەیە:
- ئیڤان عەبدۆ (2 ساڵ)
- شام دلۆ (3 ساڵ)
- شەریف سیدۆ (52 ساڵ)
- محەممەد حەبیب (82 ساڵ)
- ئەسڵان بەکر (18 ساڵ)
- عەلی ئەسڵان موسلیم بیلال (17 ساڵ)
- شێروان عەبدۆ مامۆ (17 ساڵ)
- حەسەن محەممەد عید قورتان (30 ساڵ)
- محەممەد شێخ کیلۆ (70 ساڵ)
- رەمزی کیلۆ (18 ساڵ)
- محەممەد حسێن بەکر (23 ساڵ)
- خەدیجە عەلووش (47 ساڵ)
- شێرۆ محەممەد حسێن (44 ساڵ)
- محەممەد نوور شوبەک (26 ساڵ)
- محەممەد ئیبیش (21 ساڵ)
- حەمید حەبەش (74 ساڵ)
- ئیبراهیم محەممەد ڕەشید (34 ساڵ)
- هێڤین عومەر (29 ساڵ)
- دیمە ئەلحسێن (85 ساڵ)
- مستەفا عەبدولحەمید حەسەن (38 ساڵ)
- ئەرسەلان عەلۆ (75 ساڵ)
- رەفعەت محەممەد عەلۆ (64 ساڵ)
- مەسعود عەلی کەرکۆ (18 ساڵ)
- عەبدولعەزیز داود (24 ساڵ)
- رەجەب عەبدولفەتاح (13 ساڵ)
- نووری خەلیل (29 ساڵ)
ئاسایشی حەلەب رایگەیاندووە، لە چوارچێوەی "مافی بەرگریی رەوا،" بەرگرییان لە گەڕەکەکان کردووە و "سەرجەم هێرشەکانیان تێکشکاندووە و پێنج هەوڵی دزەکردنیشیان پووچەڵکردووەتەوە، لە ئەنجامدا ژمارەیەک کوژراو و بریندار لە ریزەکانی هێرشکاران کەوتوونەتەوە."
ئاماژەی بەوەش کردووە، بۆ دوو کاژێر ئارامییەک هەبووە، بەڵام دواتر بۆردوومانی چڕ دەستیپێکردووەتەوە.
خوێن و ئاگر لە حەلەب
لە بەیانیی رۆژی سێشەممەوە (06-01-2026) شاری حەلەب بووەتە گۆڕەپانی پێکدادانێکی قورس و تۆپباران لەنێوان هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر (هەسەدە و ئاسایش) و هێزەکانی حکومەتی دیمەشق (سوپای سووریا).
وەزارەتی بەرگریی سووریا لە راگەیێندراوێکدا "هەسەدە"ی بە زیادبوونی گرژییەکان و هێرشکردن تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، لە ریزەکانی سوپادا سەربازێک کوژراوە و 5ی دیکە بریندارن.
بەگوێرەی وەزارەتەکە، لە ئەنجامی تۆپبارانی هەسەدە بۆ سەر گەڕەکەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت (وەک مەیدان)، 3 سڤیل کوژراون و 12ـی دیکە بریندارن.
سوپاکە رایگەیاندووە لە وەڵامدا کۆگەیەکی چەک و پێگەی درۆنەکانی هەسەدەی وێران کردووە.
هەسەدە و ئاسایش بە تووندی رەتیدەکەنەوە دەستپێشخەری شەڕ بووبن و دەڵێن، حکومەت چەکی قورسی هێناوەتە نێو شار.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گەمارۆ و هێرشەکانی سەر شێخ مەقسوودی بە "هەوڵێکی مەترسیدار بۆ تێکدانی یەکپارچەیی سووریا" ناوبرد.
فەرهاد شامی، بەرپرسی راگەیاندنی هەسەدە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە دەڵێ، حکومەتی سووریا "تانک دەهێنێتە ناوچەکە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ