رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێ، سەرکۆنەی گەمارۆ و هێرشەکانی سەر هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب دەکات و بە "کارێکی نابەرپرسیارانە" ناوی دەبات. دەشڵێت، "لێکەوتەی مەترسیداری بۆسەر هەموو سووریا دەبێت،" ئەمەش لە کاتێکدایە شەڕ و تۆپباران لەو شارە دەستیپێکردووە.
رۆژی سێشەممە 06-01-2026 بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، "نیگەرانی و سەرکۆنەی تووندی خۆمان بۆ ئەو گەمارۆیە دەردەبڕین کە خراوەتە سەر هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، کە وایکردووە پێشێلکاریی گەورە بەرامبەر خەڵکی سڤیل بکرێت."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەم کردەوە نابەرپرسیارانە تەنیا دەبێتەهۆی پەرتەوازەکردنی هێزە نیشتمانییەکانی سووریا و بە روونی نەبوونی جیدییەتی حکومەتی سووریا لە هەوڵەکانی بۆ یەکخستنی گەل ئاشکرا دەکەن."
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هۆشداری دەدات لەوەی، "بەردەوامبوونی گەمارۆ و پێشێلکارییەکان، جگە لە زیادبوونی تووندوتیژیی بێ پاساو و نایاسایی، رێگرە لەبەردەم هەر هەوڵێکی راستەقینە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هۆشداری دەدات لەوەی بەردەوامبوون لەم رێبازە، لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت و کاریگەری لەسەر هەموو سووریا دەکات، چونکە بازنەی تووندوتیژی فراوان دەکات و کەلێنی نێوان پێکهاتەکان قووڵتر دەکاتەوە؛" هەروەها بانگەشەکردن بۆ گوتاری رق و کینە و جیاکاری رەتدەکاتەوە و بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی سووریا بە هەڕەشەی دەزانێت.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر جەخت دەکاتەوە کە سووریا "مۆزایکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە" و تاکە چارەسەر بریتییە لە "سازان" بەبێ پەراوێزخستنی هیچ پێکهاتە و لایەنێک؛ داواش دەکات دەستبەجێ گەمارۆکان لاببرێن، بەرپرسانی ئەو دۆخە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێ و بۆ دیالۆگ بگەڕێنەوە.
وردەکاریی شەڕی حەلەب
ئەم بەیاننامەیە دوای ئەوە دێت، رۆژی سێشەممە پێکدادان و تۆپباران لە حەلەب دەستیپێکرد. هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، بەهۆی تۆپبارانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بۆ سەر ماڵی هاووڵاتییان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، سڤیلێک گیانی لەدەستداوە و 17 کەسی دیکە بریندار بوون کە لەنێویاندا منداڵ هەن.
هەسەدە لە تەلەگرام گرتە ڤیدیۆییەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا بارهەڵگرێک بە چەکی قورسەوە دەردەکەوێ و تۆپباران دەکات و بە "هێرشی دووژمنکارانە و پێشێلکاریی زەقی یاسای نێودەوڵەتی" وەسفی کرد.
لەبەرامبەردا، لایەنی حکومەتی سووریا تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە. بەڕێوەبەری تەندروستیی حەلەب بە رووداوی راگەیاند، "لە ئەنجامی تۆپبارانی هەسەدە بۆ سەر گەڕەکی مەیدان لە باکووری حەلەب، سێ کەس کوژراون." ئاژانسی ساناش گوتی، دوو لە کوژراوەکان ژنن.
نووسینگەی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی حەلەب رایگەیاند، "لە تۆپبارانێکی هەسەدە بۆ سەر باڵەخانەکەمان، نۆ کارمەند بە برینی جۆراوجۆر بریندار بوون. بریندارەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەی رازی کران."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ