رووداو دیجیتاڵ
شەڕ و تۆپبارانی چڕ لە شاری حەلەب دەستیپێکردووە و بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان کەس. لە نوێترین پێشهاتیشدا ژنێکی تەمەن 41 ساڵ لە گەڕەکی شێخ مەقسوود گیانی لەدەستدا.
رۆژی سێشەممە 06-01-2026 هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی تۆپبارانی چڕی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، ژنێکی سڤیل بەناوی (فاتیمە حەمادە - 41 ساڵ) گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بەهۆی ئەوەی هێرشەکان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی کراونەتە سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون، ژمارەیەک هاووڵاتیی دیکە بریندار بوون کە ژن و منداڵیان تێدایە؛ بەگشتی لەو تۆپبارانەدا 17 کەس بریندارن.
میدیای هەسەدە لە تەلەگرام گرتە ڤیدیۆییەکی بڵاوکردەوە و تێیدا بارهەڵگرێک دەردەکەوێ کە تۆپ و تەقەمەنی لەسەرە و تەقە دەکات و دەڵێ، ئەو وێنەیە گرووپە چەکدارەکان بڵاویانکردوەتەوە. هەسەدە هێرشەکەی بە "دووژمنکارانە و پێشێلکاریی زەقی یاسای نێودەوڵەتی" ناوبرد.
حکومەت: لای ئێمە سێ کوژراو و نۆ فەرمانبەری بریندار هەن
لە بەرامبەردا، لایەنی حکومەتی سووریا تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و هەسەدە بە تۆپبارانکردنی گەڕەکی مەیدان لە باکووری حەلەب تۆمەتبار دەکات.
بەڕێوەبەری تەندروستیی حەلەب بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ئەنجامی تۆپبارانی هەسەدە، سێ کەس کوژراون." ئاژانسی ساناش رایگەیاند، دوو لە کوژراوەکان ژنن.
هەروەها نووسینگەی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی حەلەب لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە تۆپبارانێکی هەسەدە بۆ سەر باڵەخانەکەمان، نۆ کارمەند بە برینی جۆراوجۆر بریندار بوون و بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەی رازی کران."
بەگوێرەی ئاژانسی سانا، بەهۆی چڕیی بۆردوومانەکانی هەسەدە بۆ سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون، خەڵکی گەڕەکی (نیل) لە حەلەب ماڵەکانیان جێهێشتووە و بەرەو ناوچەی ئارامتر هەڵاتوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ