ئاگر لە دارستانەکانی سووریا بەردەوامە؛ 100 کیلۆمەتر چوارگۆشە سووتاوە

06-07-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسانی سووریا رایدەگەیێنن، نزیکەی 100 کیلۆمەتر چوارگۆشە دارستان لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەکاندا "بووەتە خۆڵەمێش". هاوکات تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی ئوردن رۆژی یەکشەممە گەیشتنە وڵاتەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە کە بۆ چوارەم رۆژی لەسەریەک لە پارێزگای لازقیە بەردەوامە.
 
کارمەندانی فریاکەوتنی سووریا رووبەڕووی بارودۆخێکی سەخت بوونەتەوە، لەوانە پلەی گەرمای بەرز، بای بەهێز، زەویی سەختی شاخاوی لە پارێزگا کەنارییەکە و مەترسیی پاشماوەی تەقەمەنیی جەنگ، لە وڵاتێکدا کە بەهۆی ساڵانێکی زۆری شەڕ و ململانێوە وێران بووە.
 
وەزارەتی فریاکەوتن و کارەساتەکانی سووریا رایگەیاند، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی ئوردن بەیانیی رۆژی یەکشەممە چوونەتە نێو خاکی سووریا، هاوکات میدیای فەرمیی وڵاتەکە گرتە ڤیدیۆی کاروانەکەی بڵاوکردەوە.
 
چەندین گرتەڤیدیۆی ئاگرەکە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە و تێیدا دەردەکەوێت کە ئاگر لە هەموو لایەکەوە دەوری تیمەکانی بەرگریی شارستانی داوە.
 
رائید ئەلسالح، وەزیری فریاکەوتن، لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، "سەدان هەزار داری دارستان لە رووبەرێکی نزیکەی 10,000 هێکتار لە 28 شوێنی جیاوازدا بوونەتە خۆڵەمێش."
 
ئەو وەزیرە سووریاییە هەروەها گوتی، نزیکەی 80 تیم، کە کارمەندانی بەرگریی شارستانی لەخۆدەگرن، لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدان و ئاماژەی بەوەشکرد کە رێکخراوە خۆجێییەکان و دانیشتووان، لەگەڵ تیم و فڕۆکەی ئاگرکوژێنەوەی ئوردن و تورکیا، هاوکاری پێشکەش دەکەن.
 
تورکیا، کە پاڵپشتێکی سەرەکیی بەرپرسانی سووریای نوێیە، رۆژی شەممە هاوکاریی نارد، کە فڕۆکە و ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەی لەخۆگرتبوو.
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی ئوردن لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "تیمە تایبەتمەندەکانی ئاگرکوژێنەوەی بەرگریی شارستانی... هەموو ئامێر و پێداویستییە مۆدێرنەکانیان پێدراوە کە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان پێویستن."
 
رووبەرێکی بەرفراوانی دارستان و زەویی کشتوکاڵی سووتاون و هەندێک گوند چۆڵکراون، بەتایبەتی لە نزیک سنووری تورکیا.
 
نەجات رۆچدی، جێگری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، رۆژی یەکشەممە لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند کە دیمەشق "پێویستی بە هاوکاریی نێودەوڵەتیی زیاترە" بۆ کۆنتڕۆلکردنی ئاگرەکان.
 
ئادەم عەبدولمەولا، رێکخەری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "تیمەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مەیداندان و هەڵسەنگاندنی بەپەلە ئەنجام دەدەن بۆ دیاریکردنی قەبارەی کارەساتەکە و ناساندنی پێویستییە مرۆییە هەرە بەپەلەکان."
 
نزیکەی حەوت مانگ دوای رووخاندنی بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشوو، سووریا هێشتا بەدەست دەرهاویشتەکانی زیاتر لە دەیەیەک جەنگی ناوخۆوە دەناڵێنێت، کە ئابووری، ژێرخان و خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وڵاتەکەی وێران کردووە.
 
لەگەڵ زیادبوونی ئەگەری وشکەساڵی و ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان لە سەرانسەری جیهاندا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە، سووریاش رووبەڕووی شەپۆلی گەرما و کەمبارانی بووەتەوە.
 
لە مانگی حوزەیراندا، رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو) راگەیاندبوو کە "سووریا لە ماوەی 60 ساڵی رابردوودا بارودۆخێکی کەشوهەوای وا خراپی بەخۆیەوە نەبینیوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شێخ موەفەق تریف، رێبەری رۆحیی پێکهاتەی درووز لە ئیسرائیل. وێنە: Reuters

رێبەری درووزەکانی ئیسرائیل: خوشک و براکانمان لە سووریا گەمارۆدراون و هاوکارییان پێناگات

رێبەری رۆحیی درووزەکانی ئیسرائیل هۆشداری لە دۆخی مرۆیی درووزەکانی سووریا دەدات و دەڵێت، لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە گەمارۆدراون و رێگری لە گەیشتنی هاوکارییەکان دەکرێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە "زیاتر لە 120 هەزار کەس ئاوارەن."