رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رەتیکردەوە هیچ هێزێکی سەربازییان لەنێو شاری حەلەب هەبێت و رایگەیاند "ئەوانە درۆی کەسانی تینووی خوێنن"؛ هۆشداریش دەدات کە بەردەوامیی هێرشەکان تەنیا لە حەلەب ناوەستێت، بەڵکو "تەواوی سووریا دەکاتەوە بە گۆڕەپانی جەنگێکی کراوە."
رۆژی چوارشەممە 07-01-2026، فەرماندەیی گشتیی هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی تۆمەتەکانی حکومەتی دیمەشقـی دایەوە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە زیاتر لە شەش مانگە لەلایەن گرووپەکانی حکومەتی دیمەشقەوە گەمارۆدراون و بەهیچ شێوەیەک هەڕەشەی سەربازی نین و ناکرێت بببنە سەرچاوەی هێرشکردنە سەر حەلەب."
"پێشتر کشاوینەتەوە"
هەسەدە بە روونی بوونی هێزی لەو ناوچانە رەتکردەوە و رایگەیاند: "بەشێوەیەکی بنبڕ جەخت دەکەینەوە کە هەسەدە هیچ سەربازێکی لە شاری حەلەب نییە؛ ئێمە بە ئاشکرا و بە بەڵگەوە لەبەردەم میدیاکان بەپێی رێککەوتنێکی روون کشاوینەتەوە و دۆسیەی ئەمنیمان رادەستی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ کردووە."
فەرماندەیی گشتیی هەسەدە دەڵێت: "ئەو پڕوپاگەندانەی لەلایەن بازنە تینووەکانی خوێن لەنێو گرووپەکانی دیمەشق بڵاودەکرێنەوە سەبارەت بە بوونی نیەت یان جووڵەی سەربازیی هێزەکانمان، هەواڵی درۆن و هەڵبەستراون بۆ پاساوهێنانەوە بۆ گەمارۆ و کوشتارگەکان."
هۆشداری لە جەنگێکی سەرتاسەری
هەسەدە هۆشدارییەکی تووندی دایە دیمەشق و رایگەیاند: "بەردەوامبوونی ئەم دووژمنکارییە بۆ سەر سڤیلەکان، لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت کە تەنیا لەو دوو گەڕەکە یان شاری حەلەب قەتیس نامێنێت، بەڵکو تەواوی سووریا دەگەڕێنێتەوە بۆ گۆڕەپانی جەنگێکی کراوە."
هەسەدە داوای لە "وڵاتانی گەرەنتیکار" و لایەنە بەرپرسەکانی نێو حکومەتی سووریا کرد بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و کۆتایی بە گەمارۆ و بۆردوومانەکان بهێنن؛ جەختیشی کردەوە کە بەکارهێنانی سڤیلەکان وەک "قەڵخانی مرۆیی" تاوانێکی سەرکۆنەکراوە.
لە رۆژی سێشەممەوە (06-01-2026) شەڕێکی قورس لە شاری حەلەب لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ و گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق دەستیپێکردووە. ئاسایشی حەلەب رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی چوارشەممە، یەکەم هەوڵی پێشڕەویی هێزەکانی حکومەتیان بە تانک بۆ سەر گردی کاستێلۆ تێکشکاندووە. دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبی سووری، گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی وەک "ناوچەی سەربازیی داخراو" ناساندووە.
هێڤین سلێمان، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسوود بە رووداوی گوت: "چەکدارانی (عەمشات و حەمزات) کە لەلایەن تورکیاوە فەرمانیان پێ دەکرێت، هێرشەکان دەکەن."
بەپێی دوایین ئاماری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، 6 کەس گیانیان لەدەستداوە و 44 کەسی دیکە بریندار بوون.
تەندروستیی حەلەب کوژرانی 4 سڤیل و برینداربوونی 18ـی دیکەی لە گەڕەکەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت (وەک مەیدان) راگەیاند؛ وەزارەتی بەرگریش کوژرانی سەربازێک و برینداربوونی 5ـی دیکەی پشتڕاستکردەوە.
گەمارۆی تووند لەسەر ناوچەکە هەیە، 5 مانگە سووتەمەنی نەگەیشتووە و تەنیا یەک نەخۆشخانە (خالید فەجر) کاردەکات. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند هێزەکانی حکومەت "گەنجانی رفێندراو وەک قەڵخانی مرۆیی" لەپێش تانکەکان بەکاردێنن. پارێزگاری حەلەب دەوامی فەرمیی لە قوتابخانە و زانکۆکان راگرت و فڕۆکەخانەی حەلەبیش گەشتەکانی وەستاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ