رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەڵێت، لەگەڵ حکومەتی سووریا باسیان لە خێراکردنی هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی رۆژی 10ی ئادار کردووە. ئاماژە بەوەش دەکات، داوای سیستمێکی بەڕێوەبردنی ناناوەندی بۆ سووریا دەکەن.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) باسی لە سەردانەکەی چەند رۆژێک لەمەوبەری بۆ دیمەشق و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر و چەند بەرپرسێکی دیکەی باڵای سووریا کرد و گوتی، ویستێکی هاوبەش و بەهێز هەیە بۆ ئەوەی رێککەوتنی 10ی ئادار جێبەجێ بکرێت.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە گوتی، "گرنگترین خاڵ بریتییە لە تێگەیشتنێکی سەرەتایی لەبارەی میکانیزمی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ لەگەڵ وەزارەتەکانی بەرگری و نێوخۆی سووریا."
مەزڵووم عەبدی دەڵێت، هێزەکانی سووریای دیموکرات دەچنە نێو وەزارەتی بەرگرییەوە و باسی لە رۆڵی کاریگەری تورکیاش کرد بۆ ئەوەی ئەم هەوڵە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و گوتی: "سەرکەوتنی ئەم گفتوگۆیانە پشت بە رۆڵی تورکیا دەبەستێت. هەربۆیە، ئومێدەوارین رۆڵێکی پاڵپشتیکار و ئەرێنی لە پرۆسەی دانوستاندنەکان بگێڕێ".
لەبارەی سیستمی بەڕێوەبردن لە سووریای نوێدا، مەزڵووم عەبدی گوتی، "داوای سیستمێکی بەڕێوەبردنی ناناوەندی لە سووریا دەکەین کە تاوەکو ئێستا پەسندنەکراوە و لەو بارەیەوەش نەگەیشتووینەتە رێککەوتن."
فەرماندەی گشتیی هەسەدە لەبارەی نەوت و گازی ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و سووریاش قسەی کرد و گوتی، پێیان وایە "نەوت و سەرچاوە سرووشتییەکانی دیکە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا موڵکی هەموو سووریاییەکانە و پێویستە داهاتەکەش بە یەکسانی لەنێوان پارێزگاکانی سووریادا دابەش بکرێ."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ