رووداو دیجیتاڵ
دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی 10 وڵات لەسەر دۆخی سووریا، داواکرا پشتیوانی و هاوکاری پێشکێشی سووریا بکرێت، شەڕی تیرۆر بکرێت، پشتیوانی لە پرۆسەی سیاسیی سووریا و دامەزراندنی ئاژانسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردنی سووریا بکرێت.
ئەمڕۆ (شەممە، 14-12-2024) وەزیرانی دەرەوەی هەریەک لە ئەمریکا، تورکیا، ئوردن، سعودیە، عێراق، لوبنان، میسر، ئیمارات، بەحرەین و قەتەر؛ هاوشان لەگەڵ کایا کالاس، نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئەمنی، هەروەها گیێر پێدرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە لەبارەی دۆخی سووریا لە شاری عەقەبەی ئوردن بوو و دوای تەواوبوونیشی، راگەیێندراوی فەرمیی کۆبوونەوەکە بە ناوی "راگەیێنراوی عەقەبە" بڵاوکرایەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لە، "وەستان لەگەڵ گەلی سووریای برا، پێشکێشکردنی هەموو هاوکاری و پشتیوانییەک و رێزگرتن لە خواست و بژاردەی ئەوان" کرایەوە.
بەرپرسەکان هەروەها، داوای پرۆسەیەکی راگوزەری گشتگیر و ئاشتییانە و وەستانی هەموو ئۆپەراسیۆنە چەکدارییەکانیان کرد. "پشتگیری لە رۆڵی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا بکرێت، هاوکاریی دامەزراندنی ئاژانسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردنی سووریا بکرێت."
وەزیرانی دەرەوە رێککەوتن لەسەر، گفتوگۆیەکی نیشتمانیی گشتگیر و داوایان کرد، خەڵکی سووریا هاوسۆزی دروستکردنی دەوڵەتێکی یەکگرتوو، سەقامگیر، پارێزراو و ئازاد بن.
بەرپرسەکان سەرکۆنەی "لەشکرکێشییەکانی ئیسرائیل"ـیان کرد لە ناچەی لەچەکداماڵدراو و رایانگەیاند "پێویستە دامەزراوەکانی دەوڵەت بپارێزرێن و توانەکانیان زیاتر بکرێن."
وەک لە راگەیێندراوەکە هاتووە، "پابەندیی خۆمان بە شەڕکردن لە دژی تیرۆر دووپات دەکەینەوە. بەزاندنی داعش خاڵی لەپێشینەیە. پێویستە ئەو هاوکارییە مرۆییەی خەڵکی سووریا پێویستییەتی، دابین بکرێت."
دوای زیاتر لە نیو سەدە لە حوکمی بنەماڵەی ئەسەد، رۆژی 08-12-2024، حکومەتی سووریا رووخا و بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا بە فڕۆکەیەک بە پەلەپڕووزێ، بەرەو مۆسکۆ هەڵات.
داکوتینی دوایین بزمار لە تابووتەکەی حوکمی ئەسەد بە دەستی چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) بوو. ئەوان لە 25-11-2024، بە ئاراستەی حەلەب هێرشیان کرد و لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتە گەیشتنە دیمەشق.
ئەسەد لە سووریا هەڵات، کۆتایی بە چەرخێک لە "خۆپێشاندان، دەستگیرکردن، ئەشکەنجەدان و کوشتنی خۆپیشاندەران هات؛ کە لە 14 ساڵدا زیاتر لە 500 هەزار کەس کوژران و ملیۆنانیش دەربەدەر بوون."
رۆژی 13-12-2024، سووریا یەکەم هەینی بەبێ حوکمی ئەسەد بەڕێکرد و خەڵک لە مزگەوتی ئومەوی دیمەشق "نوێژی هەیینیی سەرکەوتن"ـیان کرد و دواتر ئاهەنگیان گێڕا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ