رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دانوستاندنەکانی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع ئەنجامیان نەبووە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، دیمەشق ئەو بەڵێنانەی رەتکردووەتەوە، کە پێشتر لەلایەن تۆم باراکەوە بە هەسەدە درابوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە بۆ رووداو، تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا پێشتر دوو بەڵێنی بە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە دابوو، هەسەدە وەکو فیرقەیەکی یەکگرتوو لەنێو سوپای عەرەبیی سووریادا دەمێنێتەوە.
بە گوتەی سەرچاوەکە، تۆم باراک گوتبووی ئەم خاڵە لەبەر رای گشتی نانووسرێتەوە، بەڵام جێبەجێ دەکرێت.
بەڵێنی دووەمیش ئەوە بوو، کورد ئیدارەی ناوچە کوردییەکان بکەن و ئیدارەی کوردی هەبێت.
سەرچاوەکەی هەسەدە ئاشکرای کرد، مەزڵووم عەبدی بۆ جێبەجێکردنی ئەو خاڵانە چووبووە دیمەشق، "بەڵام ئەمڕۆ دیمەشق بەفەرمی هەردوو خاڵەکەی رەتکردەوە و گوتیان 'نەخێر' قبووڵی ناکەین."
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن مەزڵووم عەبدی دەسەڵاتی بڕیاردانی نییە، سەرچاوەکە گوتی: "ئێستا بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتیی رێکنەکەوتنەکە بخەنە ئەستۆی هەسەدە، دەڵێن 'مەزڵووم عەبدی خاوەن بڕیار نییە'؛ ئەوان دەیانەوێت بەم بوختانە سەرکردایەتیی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە هەڵبخەڵەتێنن."
شەوی رابردوو سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا دەقی رێککەوتنێکی 14 خاڵیی نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە دەبێت: ئاگربەستێکی دەستبەجێ و گشتگیر لە هەموو بەرەکان و هێڵەکانی بەریەککەوتن لە نێوان هێزەکانی حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بکرێت. بەڵام هێزەکانی سوپای عەرەبی سووریا پابەندی رێککەوتنەکە نەبوو،
لە خاڵی یەکەمی رێککەوتنەکەدا هاتووە، دەبێت هەسەدە لە هەموو ناوچەکان بۆ رۆژهەڵاتی فورات بکشێتەوە.
لە خاڵی دەیەمی رێککەوتنەکەدا هاتووە، دەبێت حکومەتی سووریا لیستی ئەو بەربژێرانەی لەلایەن سەرکردایەتیی هەسەدەوە پێشکێش دەکرێن بۆ وەرگرتنی پۆستە باڵاکانی سەربازی، ئەمنی و مەدەنی لە ناو پێکهاتەی دەوڵەتی ناوەندیدا پەسند بکات.
بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، هەردوولا کاردەکەن بەرەو لێکتێگەیشتنەکان سەبارەت بە گەڕانەوەی ئارامیی دانیشتووانی ناوچەکانی عەفرین و شێخ مەقسوود بۆ سەر ماڵ و حاڵیان.
دۆخی مەیدانی بە پێچەوانەی رێککەوتن و دانوستاندنەکانە، ئەمرۆ هەسەدە رایگەیاند، کۆنترۆڵی زیندانی شەدادی لە باشووری حەسەکەی لەدەستداوە و "هەزاران داعش" هەڵاتوون، کە تێیدا دیمەشق و هەسەدە یەکدی بە ئازادکردنی داعشان تۆمەتبار دەکەن.
لیندزی گراهام، سیناتۆری ئەمریکی، هۆشداری دایە ئەمریکا تاوەکو "بە هەر هۆکارێکی پێویست بێت" بەرگری لە زیندانەکانی داعش لە سووریا بکات بۆ ئەوەی کارەساتی گەورە روونەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ