ئەنەکەسە: پێویستە یەکڕیزی کورد بپارێزرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد داوای چەسپاندنی مافەکانی کورد لە دەستووری سووریا دەکات.
 
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، رۆژی چوارشەممە 18ی شوباتی 2026، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە شاری قامشلۆ کردووە و تێیدا جەختی لە چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری داهاتووی سووریا کردووەتەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی ئەنەکەسە، لە کۆبوونەوەکەدا باسی بانگهێشتنامەی حکومەتی سووریا بۆ ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد کرا. دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بە وردەکاریی کۆبوونەوەکانی خۆی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا و ئەسعەد شیانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کرد، کە تێیاندا جەخت لە پێویستیی چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورد لە دەستوور و بەشداریی راستەقینەی کورد لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا کراوەتەوە.
 
هەروەها دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، پوختەی کۆبوونەوە و چالاکییەکانی خۆی لە دیمەشق، قەتەر و هەرێمی کوردستان خستەڕوو. 
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەنجوومەنەکە ئەو هەڵوێستانەی بەرز نرخاند کە پشتیوانی لە دۆزی کورد لە سووریا دەکەن، "بەتایبەتی هەڵوێستەکانی هەرێمی کوردستان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی."
 
لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە جەختیان لە گرنگیی یەکڕیزیی هەڵوێستی کورد و پێویستیی کارکردنی پێکەوەیی کردەوە، بە مەبەستی خزمەتکردنی دۆزی کورد و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری وڵاتدا.
 
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەندامانی ئەنجوومەنی نیشتمانی هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی ئەنجوومەنەکە بۆ ئەوەی کاراتر بێت و توانای هەڵگرتنی پڕۆژەی نەتەوەیی کوردی هەبێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە