سێنتکۆم: 7000 زیندانیی داعش لە سووریاوە دەگوازینەوە عێراق

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی نوێ و بەرفراوانیان بۆ گواستنەوەی زیندانییانی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ ناو خاکی عێراق دەستپێکردووە، ئەوەش بە مەبەستی دڵنیابوون لە مانەوەیان لە ناوەندە ئەمنییە پارێزراوەکاندا.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی رۆژی چوارشەممەی سێنتکۆم، ئۆپەراسیۆنەکە بە گواستنەوەی سەرکەوتووانەی 150 چەکداری داعش لە زیندانێکی شاری حەسەکەی سووریاوە بۆ شوێنێکی پارێزراو لە ناو عێراق دەستیپێکردووە. سێنتکۆم رایگەیاند، ئامانجی کۆتایی ئەوەیە، تاوەکو 7,000 زیندانیی داعش لە سووریاوە بۆ ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عێراق بگوازرێنەوە.
 
ئادمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم، لەم بارەیەوە رایگەیاند: "ئێمە بە نزیکی لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکان، لەوانەش حکومەتی عێراق هاوئاهەنگی دەکەین و سوپاسی رۆڵی ئەوان دەکەین لە تێکشکاندنی یەکجاریی داعش." 
 
کووپەر جەختی کردەوە، ئاسانکاری بۆ ئەم گواستنەوەیە کارێکی یەکجار گرنگە بۆ رێگری لە هەر هەوڵێکی هەڵاتنی زیندانییەکان، چونکە هەر درزێکی ئەمنی مەترسیی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی ئەمریکا و ناوچەکە دروست دەکات.
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، گواستنەوەی ئەو زیندانییانە، کە بەشێکیان بیانین، لەسەر داوای عێراق بووە، دواتریش بیانییەکان دەگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان.
 
ئەم هەنگاوە بەپەلەیەی ئەمریکا بۆ گواستنەوەی زیندانییانی داعش بۆ عێراق، لە کاتێکدایە کە بارودۆخی ئەمنیی زیندانەکان لە رۆژئاوای کوردستان بە تەواوەتی شڵەژاوە. تەنیا لە ماوەی 48 کاژێری رابردوودا، بەهۆی هێرشەکانی سوپای سووریا بۆ سەر زیندانی شەدادی، نزیکەی 1500 چەکداری داعش هەڵاتوون یان ئازاد کراون.
 
هەر ئەمرۆ چوارشەممە سوپای سووریا بە فەرمی چووە ناو کەمپی هۆل و پاسەوانیی ئەو کەمپەی وەرگرت کە 24,000 کەسی تێدایە. 
 
تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا پێشتر رایگەیاند، ئەرکی هەسەدە وەک هێزی دژە داعش کۆتایی هاتووە و ئێستا دیمەشق ئامادەیە ئەو بەرپرسیارێتییە بگرێتە ئەستۆ.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەمپی هۆل لەدوای چۆڵکردنی لەلایەن هەسەدەوە. وێنە: AFP

هەسەدە: دیمەشق ئاگربەستی پێشێل کردووە

وەزارەتی بەرگریی سووریاش رایگەیاند، هەسەدە لە رێگەی "درۆنی بۆمبڕێژکراو"ـەوە هێرشی کردووەتە سەر کارگەیەکی دروستکردنی تەقەمەنی لە نزیک دەروازەی یەعرووبیە و بەهۆیەوە 7 سەربازی سوپای سووریا کوژراون و 20ـی دیکەش بریندار بوون.