هەسەدە: گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا زرێپۆشیان هێناوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رەتیکردەوە گەڕەکەکانی حەلەب-یان بۆردوومان کردبێت و رایگەیاند لە شوێنی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریاوە مووشەک ئاراستەی شارەکە دەکرێت، هەروەها بۆ بۆردوومانکردنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ئەو گرووپانە زرێپۆش و تۆپهاوێژیان هێناوە.
 
ناوەندی رۆژنامەوانیی هەسەدە شەوی دووشەممە لە راگەیێندراوێکدا بانگەشەی هێزە ئەمنی و سووریاییەکانی سەر بە حکومەتی سووریای رەتکردەوە لەبارەی ئەوەی هێزەکانیان چەند گەڕەکێکی شاری حەلەبیان بۆردوومان کردووە، کە پێشتر بەگوێرەی رێککەوتنێک رادەستی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ(ی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر)یان کردبوو.
 
هەسەدە گرووپە چەکدارە جیاوازەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشقی تۆمەتبار کردووە بەوەی کە چوار مانگە گرژی دروست دەکەن لە رێگەی گەمارۆدانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە و دووبارەبوونەوەی دزەپێکردن و دەستدرێژیکردنە سەر هاووڵاتییانی سڤیل لەبەردەم چاوی دەزگاکانی حکومەتەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەوەی ئەمڕۆ روودەدات لە بۆردوومانکردنی گەڕەکەکان، لە ئەنجامی چالاکیی ئەو گرووپە چەکدارانەیە بەتایبەت لە رۆژئاوا و باکووری حەلەب؛ مووشەک لەو خاڵە سەربازییەکانەوە ئاراستە دەکرێن کە ئەو گرووپانەی لێیە، بە ئاراستەی گەڕەکەکانی شارەکە بە ئامانجی تێکدانی دۆخی ئەمنی و نانەوەی ئاژاوە".
 
هەسەدە رایگەیاند، دۆخەکە گەیشتووەتە ئەوەی ئەو گرووپانە زرێپۆش و تۆپهاوێژ بهێنن بۆ بۆردوومانکردنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، لە پەرەسەندنێکی مەترسیداردا، کە هەڕەشە لە ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل و سەقامگیریی ناوچەکە دەکات.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 22ی کانوونی یەکەمی 2025، لە شاری حەلەب پێکدادان لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا دروستبوو؛ بەگوتەی هەسەدە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریا هێرشیان کردووەتە سەر بازگەیەکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گۆڕەپانی "دوارەی شەیحان" لە حەلەب و بەهۆیەوە دوو ئەندامی ئاسایش بریندار بوون.
 
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ هێزەکانی هەسەدە لە حەلەب، سەرەڕای رێککەوتنەکان، غەدریان لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کرد کە لە بازگە هاوبەشەکان بوون و بەشێوەیەکی لەناکاو کشانەوە و تەقەیان لە بازگەکان کرد."
 
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، بەهۆی تەقەی هێزەکانی هەسەدەوە ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و سەربازێکی سوپا بریندار بوون، هەروەها ژمارەیەک بریندار لە ریزەکانی بەرگریی شارستانی و هاووڵاتییانی مەدەنی هەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەش لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، هاوتا سووریاییەکەی. وێنە: AA

هاکان فیدان: دەبێت هەسەدە تێکەڵ بە سوپای سووریا بێت

وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دیمەشق رایگەیاند، تاکە رێگە بۆ هەسەدە رێککەوتنە لەگەڵ دیمەشق و تێکەڵبوونە بە سوپای ئەو وڵاتە؛ دەشڵێت: "هاوئاهەنگییەکانی هەسەدە و ئیسرائیل رێگرن لە پێشوەچوونی دانوستاندنەکان."