رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی زمانی سەندیکای پارێزەرانی رووها رایگەیاند، هەرچەندە زمانی دایک کراوەتە بابەتی "هەڵبژاردن"، بەڵام پێویستە ئەو دەرفەتە لەبیر نەکرێت و وانەی کوردی هەڵبژێردرێت.
کۆمیسیۆنەکە رۆژی دووشەممە، 2ی شوباتی 2026، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی وانەی بژاردەی کوردی پەیامێکی بڵاوکردەوە.
کۆمیسیۆنی زمانی سەندیکای پارێزەرانی رووها دەڵێ، بۆ زمانی کوردی بەرپرسیارێتییەکی زیاتر دەکەوێتە سەر دایکان و باوکان و پێویستە لە قوتابخانەکاندا وانەی زمانی کوردی بۆ منداڵەکانیان هەڵبژێرن.
کۆمیسیۆنەکە دەڵێ: "هەرچەندە زمانی دایکی هەزار ساڵەی ئێمە کراوەتە بابەتی 'هەڵبژاردن' بەڵام پێویستە بزانین ئەمە دەرفەتێکی گرنگە. بۆیە پێویستە منداڵەکانمان ئەم وانانە (کرمانجی - زازاکی) هەڵبژێرن بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر بێنە ئاراوە. بەرپرسیارێتیی بەهێزکردنی زمانی کوردی لەسەر دایک و باوک، گەورە و زانایانی نەتەوەی کوردە."
لە سیستمی پەروەردەی تورکیادا، تورکی تاکە زمانی فەرمی خوێندنە. لە ساڵی 2012ـەوە زمانی کوردی وەک وانەی بژاردە لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێ.
بەپێی ئەو داتایانەی لە مانگی ئایاری ئەم ساڵدا بڵاوکراونەتەوە، لە باکووری کوردستان و تورکیا بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026، 50 هەزار و 809 خوێندکار وانەی کورمانجی و هەشت هەزار و 563 خوێندکار وانەی کرمانجکییان هەڵبژاردووە. بە گشتی 59 هەزار و 362 قوتابی وانەی کوردییان هەڵبژاردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ