وێنە: AA
بارینی بارانی بەخوڕ، تەرزە و هەڵکردنی بایەکی بەهێز ژیانی لە پارێزگای ئەدیرنەی تورکیا پەکخستووە؛ تیمەکانی فریاگوزاری و شارەوانی و تەنانەت هێزەکانی جەندرمەی پارێزگاکەی خستە ئامادەباشییەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی تورکیا رۆژی 1ی تەممووز هۆشداری لە بارینی بارانێکی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو دا، هەروەها داوای لە هاووڵاتییان کرد لە ماڵەکانیان بمێننەوە و بەهۆی ئەگەری بارینی تەرزەوە ئۆتۆمبێلەکانیان باش داپۆشن.
ئێوارەی رۆژی هەینی 2ی تەممووز، بایەکی بەهێز هەڵیکرد و هەروەها بارانی بەخوڕ و جارجار تەرزەش باری.
بەھۆی باکەوە، تەزووی کارەبا لە بەشێکی پارێزگاکە پچڕا و چەندین رووەکی سەر رێگە و شەقامە سەرەکییەکان شکانەوە.
هاوکات بەهۆی بارانبارین و تەرزەکەوە لافاو دروستبوو و چەند گەڕەک و رێگە و شەقامێک ژێرئاو کەوتن. تەرزەکە زیانی بە چەندین ئۆتۆمبێلێکیش گەیاند. پێشبینی دەکرێت بارانبارین و باکە تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەردەوام بێت.