لە گوندێکی وانی باکووری کوردستان 100 سەر مەڕ کەوتنە ژێر رەنووی بەفر و مرداربوونەوە

دوێنێ کاژێر 03:01
شەوکەت هەرکی
شەوکەت هەرکی
مەڕەکان کەوتوونەتە ژێر رەنووی بەفر و گیانیان لەدەستداوە
مەڕەکان کەوتوونەتە ژێر رەنووی بەفر و گیانیان لەدەستداوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەفربارینی چڕ و هەرەسی بەفر ژیانی ئاژەڵداران و رەنجبەرانی لە سنووری پارێزگای وان سەخت کردووە. لە گوندی 'هەلیزۆ'ی سەر بە قەزای پاییزاوا، سێ ئاژەڵدار 100 سەر مەڕیان لەژێر هەرەسی بەفردا لەدەستدا. گوندنشینان دەڵێن بەهۆی نەبوونی رێگا و سەختیی ناوچەکە، تیمەکانی دیاریکردنی قەبارەی زیانەکان نەگەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و زیانەکانیان تۆمار نەکردوون.
 
گوندی هەلیزۆ لە قەزای پاییزاوای وان، یەکێکە لەو گوندانەی کەوتووەتە ژێر کاریگەریی شەپۆلێکی بەهێزی بەفربارین. خەڵکی گوندەکە خەمبارن، چونکە گەلەمەڕی سێ خێزان کە لە 150 سەر پێکهاتبوو، لە ناوچەی (سەلێ مەرجانێ) کەوتوونەتە ژێر هەرەسی بەفر؛ لەو ژمارەیەش 100 سەر مەڕ مردار بوونەتەوە و تاوەکو ئێستاش زۆربەیان لەژێر بەفردان.
 
بایرام بێگیچ، خاوەن مەڕە و دەڵێت، "کاژمێر سێی ئێوارە بوو، بەداخەوە 100 سەر مەڕمان لەژێر هەرەسدا مانەوە. زۆر زیانمەند بووین و مەغدوورین. داوا دەکەین دەوڵەت دەنگمان ببیستێت و بە هانامانەوە بێت. 100 سەر مەڕمان کەوتە ژێر هەرەس، چەند دانەیەکمان بە توانای خۆمان دەرهێنا. شوێنی هەرەسەکە بەپێ کاژێرێک لە گوندەکەوە دوورە. هەموو گوندنشینان هاتن بۆ هاوکاری، بەڵام مەڕەکانمان هەمووی تیاچوون."
 
قادر، یەکێکی دیکەیە لە خاوەن مەڕەکان. تاوەکو چەند رۆژێک لەمەوبەر حەوشەی ماڵەکەی پڕ بوو لە دەنگی مەڕ و بەرخ، بەڵام ئێستا تەنیا بێدەنگی و خەمباری باڵی کێشاوە. ئەو و هاوڕێیەکی شوانەکەی لە هەرەسەکە رزگاریان بووە، بەڵام هەموو سەرمایە و بژێوییان لەژێر بەفردا ماوەتەوە.
 
قادر شەین باس لەوە دەکات، "من هەم خاوەنی مەڕەکانم و هەم شوان بووم. هەرەس هات و 100 سەر مەڕمان کەوتە ژێرەوە. نزیکەی 10 بۆ 15 مەڕمان دەرهێنا، بەڵام بینیمان هەموویان مردار بوونەتەوە. هاوکاری نەگەیشت، ئێمەش ناچار هەروا جێمان هێشتن. سوپاسی ئێوە دەکەین کە هاتن، سوپاسی خزمەکانمان لە وان دەکەین کە بە دەنگمانەوە هاتن. داواکارین دەوڵەت هاوکاریمان بکات."
 
خەڵکی گوندی هەلیزۆ هەموویان خزم و کەسوکاری یەکترن. تەواوی گوندنشینان بۆ هاوکاریی ئەو سێ خێزانە کۆبوونەتەوە کە مەڕەکانیان لەدەستداوە و داوای هاوکاری لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن.
 
موراد زۆرلو، خاوەن مەڕە و ئاماژە بەوە دەکات، "خێرا بەهانایانەوەچووین و توانیمان نزیکەی 10-15 سەر مەڕ دەربهێنین، بەڵام نزیکەی 100 سەر مەڕی ترمان لەژێر هەرەسەکەدا ماونەتەوە. ئێمە زیانمەندین و دەرفەت و ئامێری پێویستمان نییە بۆ ئەوەی بتوانین ئەو مەڕانەی لەژێر هەرەسەکەدا ماون دەریانبهێنین."
 
ناوچەی (سەلێ مەرجانێ) کە هەرەسەکەی لێ هاتووە، بە پێ کاژێرێک لە گوندی هەلیزۆوە دوورە. بەهۆی تێکچوونی رێگاکە، ئۆتۆمبێل ناگاتە شوێنی رووداوەکە، هەر بۆیەش تاوەکو ئێستا مەڕەکان دەرنەهێنراون و لێکۆڵینەوەیەکی جیدی لەبارەی رووداوەکە نەکراوە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا

وەزیری بەرگریی تورکیا: دەبێت پەکەکە و هەسەدە چەک رادەست بکەن

وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێت، گرنگە پرۆسەی چارەسەری تایبەت بە پرسی کورد لە وڵاتەکەی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. ئاماژە بەوەش دەکات، دەبێت پەکەکە، یەپەگە، پەیەدە و هەسەدە کۆتایی بە چالاکییەکانیان بهێنن و بێ مەرج چەکەکانیان رادەست بکەن