رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەڵێت، پێویستە پەرلەمان بۆ ئاشتی و دیموکراسی کار بکات و پرۆسەکە بە هەنگاوی یاسایی بەردەوام بێت.
ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی کانوونی دووەمی 2026 لە ناوەندی گشتیی پارتەکەی لە ئەنقەرە دەربارەی بابەتەکانی رۆژەڤ کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی سازدا.
گوتەبێژی دەم پارتی باسی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی کرد و گوتی، ''کار و چالاکییەکانی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی'' بۆ ماوەی دوو مانگی دیکەش بەردەوام دەبن و "پێویستە ئیدی هەنگاوی یاسایی بنرێن."
دۆغان ئاماژەی بەوەش دا، تیمی نووسینەوەی راپۆرتی هاوبەشی کۆمیسیۆنی پەرلەمان رۆژی سێشەممە جارێکی دیکە بۆ نووسینەوەی راپۆرت کۆدەبێتەوە، بەڵام پرسی کورد کە پرسێکی فرەلایەنە، تەنیا بە کۆمیسیۆن چارەسەر ناکرێت.
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری رەجەب تەیب ئەردۆغان، شەوی سێشەممە 6ی کانوونی دووەمی 2026 ئاماژەی بەوە دابوو، کارەکانی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی گەیشتووەتە ئاستێکی باش؛ رەخنەی لە راپۆرتەکەی دەم پارتییش گرتبوو بەوەی، لە ئەرکی کۆمیسیۆنەکە تێپەڕیوە و گوتبووی، "دانانی چەک و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە پرۆسەیەکی جیاوازە و بەرزکردنەوەی ستانداردەکانی دیموکراسییش بابەتێکی دیکەیە."
پرۆسەی نوێی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا زیاتر لە ساڵێكە دەستیپێکردووە. دوای بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە، لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی پێکهێنرا و لە پینجی ئابی پار دەستی بە کارەکانی کرد.
ئامانجی کۆمیسیۆنەکە ئەوەیە لەم قۆناخەدا بۆ بنەمای یاسایی پرۆسەکە، لەو راپۆرتانەی پارتە سیاسییەکان پێشکێشیان کردووە، راپۆرتێکی هاوبەش ئامادە بکات. ئەگەر جیاوازیی قووڵ دەرنەکەوێ، پێشبینی دەکرێ راپۆرتەکە تا کۆتایی ئەم مانگە تەواو بکرێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ