رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی تورکیا بە فەرمی راپۆرتی کۆتایی "کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" بڵاوکردەوە، وەک نەخشەڕێگەیەکی مێژوویی بۆ قۆناخی دوای پەکەکە و دانانی چەک هەژمار دەکرێت.
ئەم راپۆرتە لەلایەن نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیاوە واژۆ کراوە، چوارچێوەیەکی چەمکی و یاسایی نوێ دەخاتەڕوو کە ئامانجی کۆتاییهێنانە بە ململانێی چەکداری و دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی دیموکراسی تێیدا مافە کولتووری و سیاسییەکانی کورد لە چوارچێوەی دەستوورێکی مەدەنیدا پارێزراو بن.
لە مەلازگرتەوە بۆ هەنگاوە بوێرەکەی باخچەلی
بەپێی نێوەڕۆکی راپۆرتەکە، ئەم پرۆسەیە لە ئابی 2024ـەوە بە گوتارەکانی سەرۆککۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان لە مەلازگرت و ئاهلات دەستیپێکرد، تێیدا جەختی لەسەر "بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆ" کردەوە.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، وەرچەرخانی سەرەکی لە تشرینی یەکەمی 2024 دا روویدا، کاتێک دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، دەستی ئاشتی بۆ فراکسیۆنی دەم پارتی درێژ کرد و دواتر بانگەوازە مێژووییەکەی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان راگەیاند. ئەم هەنگاوانە زەمینەیان خۆشکرد بۆ ئەوەی لە شوباتی 2025دا، پەیامی چەکدانان لەلایەن کەسایەتییە دیارەکانی وەک ئەحمەد تورک و پەروین بوڵدان بخوێندرێتەوە و دواجار لە تەممووزی 2025 دا، لە رووداوێکی سیمبوولیدا لە شاری سلێمانیی هەرێمی کوردستان، یەکەمین گرووپی گەریلاکانی پەکەکە چەکەکانیان بسووتێنن.
تێچووی قورسی شەڕ و بودجەی ئاشتی
بەشێکی گرنگی راپۆرتەکە تەرخانکراوە بۆ لێکەوتە ئابوورییەکانی ململانێی چوار دەیەی رابردوو. لێکۆڵینەوەکانی کۆمیسیۆن دەریانخستووە تورکیا ساڵانە بەهۆی تیرۆر و شەڕەوە بڕی 140 ملیار بۆ 240 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە.
راپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەم زیانە تەنیا لە بودجەی سەربازیدا نەبووە، بەڵکو بووەتە هۆی پەککەوتنی گەشەپێدانی ناوچەکانی باکووری کوردستان، ئێستا بەشدارییان لە داهاتی نیشتمانیدا لە خوار 5٪ـە.
لەم رووەوە، پڕۆژەی "مۆدێلی تورکیا" پێشنیازی ئەوە دەکات لە قۆناخی نوێدا، ئەو بودجە زەبەلاحەی بۆ شەڕ دەڕۆیشت، ئاراستەی وەبەرهێنانی پیشەسازی، کشتوکاڵی و پەروەردەیی لە پارێزگاکانی رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ بکرێت، بۆ ئەوەی جیاوازیی گەشەپێدان لە نێوان ناوچەکاندا نەمێنێت.
کۆتاییهێنان بە سەردەمی "قەییومەکان"
لەسەر ئاستی سیاسی و ئیداری، راپۆرتەکە پێشنیازی گۆڕانکاریی ریشەیی دەکات کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دەسەڵاتی ئیدارە خۆجێیەکان دەبێت.
کۆمیسیۆنەکە بە ئاشکرا داوای پێداچوونەوە بە یاسای شارەوانییەکان دەکات و پێشنیاز دەکات کە سیستەمی دامەزراندنی "قەیوم" لەبری سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان کۆتایی پێبهێنرێت.
بەپێی پێشنیازەکە، لە هەر دۆخێکدا کە سەرۆک شارەوانییەک بەهۆی رێکاری یاساییەوە لە کارەکەی دوورخرایەوە، دەبێت ئەنجوومەنی شارەوانی کە نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵکن، لەنێو خۆیاندا سەرۆکێکی نوێ هەڵبژێرن. ئەم هەنگاوە وەک گەرەنتییەک بۆ پاراستنی شکۆی دەنگی هاووڵاتییان و بەهێزکردنی دیموکراسیی ناوخۆیی وەسف کراوە.
چاکسازیی دادوەری و دۆخی زیندانییان
راپۆرتەکە بە وردی باس لە پێویستیی گۆڕانکاری لە سیستمی دادوەریدا دەکات. یەکێک لە خاڵە هەرە هەستیارەکان، جەختکردنەوەیە لەسەر جێبەجێکردنی تەواوی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا (AİHM) و دادگەی دەستووری تورکیا.
کۆمیسیۆنەکە پێشنیاز دەکات، یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە، بەجۆرێک کە سنوورێکی روون لە نێوان "تووندوتیژی" و "ئازادیی رادەربڕین"دا هەبێت؛ بەپێی ئەمە، نابێت هیچ چالاکییەکی سیاسی یان رەخنەیەک کە تووندوتیژی تێدا نەبێت، وەک تاوانی تیرۆر لەقەڵەم بدرێت.
راپۆرتەکە داوای ئازادکردن یان دواخستنی سزای زیندانییانی نەخۆش و بەساڵاچوو دەکات، بە لەبەرچاوگرتنی پرەنسیپە مرۆییەکان و پاراستنی مافی ژیان.
یاسای یەکگرتنەوە و چارەنووسی گەریلاکان
سەبارەت بە گەریلاکانی پەکەکە کە بڕیاری دانانی چەک دەدەن، راپۆرتەکە پێشنیازی دەرکردنی یاسایەکی تایبەت دەکات بە ناوی "یاسای یەکگرتنەوەی کۆمەڵایەتی". ئەم یاسایە ئامانجی ئەوەیە رێگەی یاسایی و سەلامەت بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانە بۆ نێو ژیانی ئاسایی بدۆزێتەوە، بە مەرجێک دەزگا ئەمنییەکان و میت پشتڕاستی بکەنەوە کە چەکیان داناوە و پەیوەندییان بە رێکخراوەکەوە نەماوە.
راپۆرتەکە بە ئەنقەست خۆی لە وشەی "لێبووردنی گشتی" بەدوور گرتووە بۆ ئەوەی هەستیاریی لای خێزانی شەهیدان دروست نەکات، بەڵکو جەخت لەسەر میکانیزمێکی یاسایی دەکات کە دادپەروەری و یەکگرتنەوەی کۆمەڵایەتی پێکەوە گرێ دەدات.
یاسای برایەتی و میراتی سەڵاحەدین
لە رووی کولتووری و مێژووییەوە، راپۆرتەکە زمانێکی نوێ بەکاردەهێنێت و تورک و کورد وەک دوو برای دانەبڕاو وەسف دەکات کە خاوەنی مێژوو و چارەنووسێکی هاوبەشن.
لە دەقەکەدا هاتووە کە "کەرامەتی کورد و شکۆی تورک" دوو پایەی سەرەکین و ناتوانرێت یەکێکیان بەبێ ئەوی دیکە بپارێزرێت.
ئاماژە بە کەسایەتییەکانی وەک سەڵاحەدینی ئەیوبی و سوڵتان ئالپئارسلان کراوە وەک سیمبوولی یەکێتیی نێوان ئەم دوو گەلە. راپۆرتەکە دەڵێت ئەم برایەتییە تەنیا دروشم نییە، بەڵکو دەبێت لە رێگەی پڕۆژەی پەروەردەیی و کولتوورییەوە لە نێو کۆمەڵگەدا قووڵتر بکرێتەوە.
یادی سری سورەیا ئۆندەر و بەرەو دەستووری نوێ
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا، نوعمان کورتوڵموش ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم بەڵگەنامەیە تەنیا سەرەتایەکە بۆ گۆڕانکارییەکی گەورەتر، ئەویش نووسینەوەی دەستوورێکی نوێی مەدەنی و دیموکراسییە بۆ تورکیا. هەروەها بە وەفادارییەوە یادی سری سورەیا ئۆندەر، جێگری کۆچکردووی پەرلەمانی تورکیا کراوەتەوە، کە رۆڵێکی باڵای هەبووە لە دروستکردنی کەشی متمانە لە نێوان لایەنەکاندا و وەک یەکێک لە ئەندازیارانی ئەم پرۆسەیە ناسێنراوە.
راپۆرتەکە بەو هیواوە کۆتایی دێت کە تورکیای سەدەی نوێ، وڵاتێک بێت تێیدا هیچ کەسێک بەهۆی ناسنامە و بیروبۆچوونییەوە هەست بە بێگانەیی نەکات و سیاسەت ببێتە تاکە ناونیشانی چارەسەری هەموو کێشەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ