رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایدەگەیێنێت، ئەگەر حکومەتی سووریا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەسەدە داوای هاوکاری بکات، ئامادەن پشتیوانییان بکەن و دەڵێت، "ئاسایشی سووریا ئاسایشی ئێمەیە."
ئەمڕۆ پێنجشەممە 08-01-2026 وەزارەتی بەرگریی تورکیا راگەیێندراوێکی لەبارەی پێکدادانەکانی حەلەب بڵاوکردەوە، کە دوای شکستهێنانی دانوستاندنەکانی یەکگرتنەوەی نێوان حکومەتی دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) سەریانهەڵدا.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، "ئاسایشی سووریا ئاسایشی ئێمەیە؛ تورکیا لە نزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکان دەکات. وڵاتەکەمان لە چوارچێوەی پرەنسیپی (یەک دەوڵەت، یەک سوپا)دا و لەسەر بنەمای یەکێتی و یەکپارچەیی خاکی سووریا، پشتیوانی لە رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکات."
ئەنقەرە لە راگەیێندراوەکەدا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە هەسەدە خەڵکی سڤیل و هێزە ئەمنییەکانی کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە 4 کەس گیانیان لەدەستداوە و 18 کەسی دیکە بریندار بوون، بۆیە حکومەتی سووریا بۆ "دابینکردنی ئاسایشی گشتی" ئۆپەراسیۆنی دەستپێکردووە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە، ئۆپەراسیۆنەکەی حەلەب بە تەواوی لەلایەن سوپای سووریاوە دەکرێت، بەڵام ئامادەیی خۆی بۆ دەستوەردان نیشانداوە و دەڵێت، "لەم چوارچێوەیەدا، ئەگەر سووریا داوای هاوکاری بکات، تورکیا پشتیوانیی پێویست پێشکێش دەکات."
لە رۆژی سێشەممەوە هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بە تانک و تۆپ بۆ سەر ئەو دوو گەڕەکە کوردنشینە دەستیپێکردووە و بەگوێرەی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر)، هێرشەکان تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامن.
ئەنجوومەنی تەندروستیی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود ئاشکرای کردووە، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە ژمارەی قوربانییان بۆ 8 کوژراو و 57 بریندار بەرزبووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ