رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا، بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆدەبێتەوە. پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد، هێرشەکەی دوێنێی ئیستەنبووڵ و جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە دەبن.
کۆبوونەوەکە کاژێر 15:00ی ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی نیسانی 2026 لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئەنقەرە دەکرێت.
بەگوێرەی میدیای تورکیا، لە کۆبوونەوەکەدا لێکۆڵینەوەکان لەبارەی هێرشەکەی دوێنێی ئیستەنبووڵ هەڵدەسەنگێندرێن و دوایین پێشهاتەکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسییانەی تورکیا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەرێمییەکان لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە ئەنجامی دەدات و ئەو کۆبوونەوە هەرێمییانەی رێکخراون، تاوتوێ دەکرێن.
لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها پێداچوونەوە بەو هەوڵانەدا دەکرێت کە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و رێگریکردن لە پەرەسەندنی لە ناوچەکەدا ئەنجام دەدرێن و تیشک دەخرێتە سەر جموجۆڵی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی و ئێرانی.
بابەتێکی دیکەی کارنامەی کۆبوونەوەکە، شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا دەبێت.
سەرۆککۆماری تورکیا، رۆژی هەینیی رابردوو، لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆببووەوە. ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرایناش رۆژی شەممە سەردانی ئیستەنبووڵی کردبوو. لە کۆبوونەوەکەدا، ئەو پەیوەندییانە هەڵدەسەنگێندرێن کە بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەیەکی نوێی ئیستەنبووڵ ئەنجام دەدرێن.
پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا کە بە 'تورکیای بێ تیرۆر' ناودەبرێت، لە کارنامەی کۆبوونەوەکەدا دەبێت. لەم پرۆسەیەدا ساڵ و نیوێکە بەڕێوەدەچێت، پێشهاتە مەیدانییەکان بە وردی هەڵدەسەنگێندرێن.
هەروەها لە چوارچێوەی زانیارییەکانی یەکە هەواڵگری و ئەمنییەکاندا، پێشهاتەکانی رۆژئاڤای کوردستان (باکووری سووریا) و پرۆسەی یەکخستنی هەسەدە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لە سووریا هەڵدەسەنگێندرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ