رووداو دیجیتاڵ
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتەیەکدا لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان رایگەیاند، هەموو هەوڵێکی دیپلۆماسی دەدرێ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە پیشانی دا بۆچی دەستپێکردنی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیادا پێویست بوو.
یڵماز گوتی: "وەک کۆماری تورکیا، سەرەتا هەوڵێکی زۆرمان دا بۆ ئەوەی ئەم شەڕە دەست پێنەکات، بەڵام بەداخەوە بە دنەدانی ئیسرائیل و هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران، شەڕەکە دەستی پێکرد. بە هەموو توانامانەوە هەوڵ دەدەین بە زووترین کات کۆتایی بەم شەڕە بهێنین. هەموو شتێک زوو ناگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی، چونکە وێرانکاری هەیە، بەڵام تاوەکو زیاتر بخایەنێت، ئەم تێچووە زیاتر دەبێت. بەهیوای ئەوەی ئەم ئاگربەستە، ئاشتییەکی بەردەوامی لێبکەوێتەوە."
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها گوتی: "ئێمە پشتگیری لە یەکپارچەیی خاکی ئێران و سەروەری و بەهێزی هەموو نەتەوە و مەزهەب و پێکهاتە تائیفییەکان دەکەین کە ئێران پێکدەهێنن. لە هەموو دەرفەتێکدا سوپاسگوزاری خۆمان بۆ هەموو ئەو گرووپە باوەڕدارانە دەردەبڕین کە هۆشیارن بەرامبەر بەو هەوڵانە کە زلهێزەکان لە رێگەی هەندێک چەمکەوە هەوڵی بۆ دەدەن".
لەبارەی پرۆسەی چارەسەریی پرسی کوردیش لە وڵاتەکەی، یڵماز گوتی: "ئەو ژینگەیەی ئێمە تێیدا دەژین، باشتر نیشانی داین کە پرۆسەی تورکیا بێ تیرۆر چەندە بەنرخە. باش بوو پرۆسەکە دەستی پێکرد و گەیشتووەتە قۆناخێکی پێشکەوتووش. پێم وایە ئەوەی لە ناوچەکەمان دەگوزەرێ، بە هەموومان نیشانی داوە کە ئەم پرۆسەیە چەندە مانادارە".
بە ئاماژەدان بەوەی کە پێویستە لایەنە سیاسییەکانی تورکیا هەڵوێستێکی روونیان هەبێت لەبارەی پرۆسەکە، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "هەموومان خوازیاری پەرەپێدانی پێوەرە دیموکراسیەکانین، بەڵام دەمەوێ ئەوە بڵێم کە خستنەڕووی پێوەرە دیموکراسییەکان وەک پێشمەرجێک بۆ دانانی چەک بە هیچ شێوەیەک تەندروست نییە، بەتایبەتی من پێموایە ئەو لایەنانەی بانگەشەی بەشداریکردنی سیاسەت دەکەن، لەوانەش دەم پارتی، پێویستە هەڵوێستێکی زۆر روون و ئاشکرایان هەبێت لەسەر ئەم بابەتە. پێویستە ئەوان واز لەوەبێنن ئەرکی سەرشانی دەوڵەت زیاد بکەن لەبری ئەوە، ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن کە چی بکەین؟ "
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ