ئاکپارتی: کوردی عێراق و ئێران گوێیان بە بانگەوازی ئیسرائیل نەداوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان ئاکپارتی، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بە تووندی وەڵامی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتەی دایەوە کە دژی رەجەب تەیب ئەردۆغان قسەیان کردبوو.
 
عومەر چەلیک، نەتەنیاهوو و حکومەتەکەی بە باندی کۆمەڵکوژی دەچوێنێت و دەڵێ:"دەبێ ئەم باندە لەبەردەم دادگەی مرۆڤایەتیدا باجی تاوانەکانی بدات".
 
هەروەها رایگەیاند، ئیسرائیل هەوڵدەدات کوردی ناوچەکە بە ئاراستەی سیاسەتەکانی خۆی بەکاربهێنێت و هاوکات گوتی: "کوردانی عێراق و ئێران گوێیان بەو بانگەوازانە نەداوە."
 
چەلیک باسی لەوەش کرد، ئامانجی تورکیا بۆ "تورکیایەکی بێ تیرۆر" و سەقامگیریی ناوچەیی، گورزی لە پلانەکانی ئیسرائیل وەشاندووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە دەویسترا ئەنقەرە و تاران ڕووبەڕووی یەکدی بکرێنەوە، بەڵام ئەو هەوڵانە شکستیان هێنا.
 
گوتەبێژی ئاکپارتی لە وەڵامی گوتەکانی سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی ئیسرائیل کە بە تووندی قسەیان لەبارەی ئەردۆغان کردبوو، گوتی:"پۆستەکانی نەتەنیاهوو و کاتس کە ئەندامی باندی جینۆسایدن و سەرۆککۆمارمان دەکەنە ئامانج، نیشانەی ئەوەیە کە ئەو باندە چەندە گەمارۆدراوە و لەرزۆک بووە. ئەم باندە لەبەردەم دادگەی مرۆڤایەتیدا لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت".
 
گوتەبێژەکەی ئاکپارتی هەروەها گوتی: "ئێستا جیهان بووەتە دوو بەش؛ لە لایەک هاوپەیمانیی مرۆڤایەتی بە رێبەرایەتی سەرۆککۆمارمان، لە لایەکی دیکەش باندی کۆمەڵکوژی بە سەرۆکایەتی نەتەنیاهوو. لێدوانەکانی سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیاش لە پێناو هاوپەیمانیی مرۆڤایەتیدا شایستەی رێزن. سەرۆککۆمارمان ئەو رێبەرەی جیهانە کە راشکاوانەترین شێوە تاوانەکانی جینۆسایدی ئەم باندەی ئاشکرا کرد."
 
عومەر چەلیک لە بەشێکی گوتەکانیدا باسی هەڵوێستی کورد و هەوڵەکانی ئیسرائیلی لەم بابەتە کرد و گوتی:"رژێمی نەتەنیاهوو تووندترین رژێمی جیهانە کە چەمکە ئایینییەکان بۆ کۆمەڵکوژی بەکاردەهێنێت. پێنج رەهەند لەپشت ئەو پەیامە بێڕێزانەی دژی سەرۆککۆمارمان هەن: یەکەم؛ تێکدانی گفتوگۆکانی ئاشتی لە پاکستان. دووەم؛ هەرەسھێنانی ئەو درۆیەی کە دەڵێت ئیسرائیل قەڵای بەهاکانی رۆژئاوایە. سێیەم؛ هەوڵدان هەتا برا کوردەکانمان لە ناوچەکەدا ببنە بەکرێگیراو بۆ بەدیهێنانی پیلانە گڵاو و زایۆنیستییەکانی خۆیان. بەڵام برا کوردەکانمان لە عێراق و ئێران نەچوونە ناو ئەو هاوکێشە شەیتانییە و لە جێکەوتە راستەکەی مێژوودا وەستان. ئەو دەربڕینە قێزەونانەی نەتەنیاهوو بەرامبەر برا کوردەکانمان لە تورکیا، لە راستیدا لەبەر تێکچوونی پلانەکانیەتی. چوارەم؛ ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر گورزێکی گەورەیە لە پلانەکانی ئیسرائیل. پێنجەم؛ هەوڵی رووبەڕووکردنەوەی تورکیا و ئێران، کە تورکیا بە سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆککۆمار ئەم پیلانەی پووچەڵ کردەوە."
 
نەتەنیاهوو و کاتس چییان گوتبوو؟
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی شەممە 11-4-2026 لە پۆستێکدا نووسیبووی: "لەژێر سەرکردایەتیی مندا، ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە شەڕی دژی رژێمی تیرۆرستیی ئێران و بریکارەکانی؛ بە پێچەوانەی ئەردۆغان کە لەگەڵ ئەو پێکهاتانەدا هاوئاهەنگە و هاووڵاتییە کوردەکانی خۆی کۆمەڵکوژ کردووە."
 
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، تاگی هەریەک لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، کەمال کڵچدارئۆغڵو و مەنسوور یاڤاشی کردبوو و گوتبووی تورکیا بەرامبەر مووشەکەکانی ئێران بێدەنگە و ئەردۆغانی بە (پڵنگی لە کاغەز دروستکراو) ناوبردبوو.
کاتس هەروەها رایگەیاندبوو کە ئەردۆغان پەنا بۆ دژەجوویی دەبات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە