رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی تورکیا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەشتیگەلی "سموودی جیهانی" دەکات و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش هێرشەکە بە "چەتەگەریی دەریایی ناودەبات."
بورهانەدین دوران، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە پەیامێکدا رایگەیاند، دژایەتیی وڵاتەکەی بۆ دەستێوەردانەکانی ئیسرائیل دژی کەشتیگەلی جیهانیی سموود لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا نیشاندا و رایگەیاند: "ئەو دڕندەییەی حکومەتی ئیسرائیل نیشانی دەدات، بە روونی دژی بەها مرۆییەکان، بنەما گەردوونییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانە و بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە."
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی تورکیا هێرشەکەی بە "کارێکی ناڕەوشتی" وەسفکرد و گوتی: "بە ئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل و بێچەک، هێرشە بۆ سەر ویژدانی مرۆڤایەتی."
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا هێرشەکەی سوپای ئیسرائیلی بۆ سەر کەشتییەکانی هاوکاری بە "چەتەگەریی دەریایی" ناوبرد و گوتی: "سەرکۆنەی ئەو دەستێوەردانە دەکەین کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا دژی کەشتیگەلی 'سموودی جیهانی' کرا، کە بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ غەززەپێکهاتبوو."
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا جەختی لەوەش کردووەتەوە کە سیاسەتی هێرشکاری و ترساندن ناتوانێت رێگری لە پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەلی فەلەستین بکات؛ داواشی لە ئیسرائیل کردووە "دەستبەجێ هێرشەکانی رابگرێت و بەبێ هیچ مەرجێک چالاکڤانە دەستبەسەرکراوەکان ئازاد بکات."
کەشتیگەلی جیهانیی سموود لە 12ی نیسانی 2026 لە شاری بەرشەلۆنەی ئیسپانیاوە بە ئامانجی گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە بەڕێکەوت. کەشتیگەلەکە لە 58 کەشتی پێکهاتووە و 345 چالاکڤانی 56 وڵاتی جیاوازی لەسەرە.
لە 29ی نیسانی 2026 سوپای ئیسرائیل لە کەناراوەکانی دوورگەی کریتی یۆنان هێرشی کردە سەر بەلەمەکانی ئەو کەشتیگەلە و 175 چالاکڤانی دەستبەسەرکرد. ئەمڕۆ 18ی ئایاری 2026 جارێکی دیکە هێزە دەریاییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردووەتەوە سەر چەند کەشتییەکی دیکەی هەمان کاروان و زیاتر لە 100 چالاکڤانیان دەستبەسەر کردووە، کە 11یان هاووڵاتیی تورکیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ