گالەری

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
1 Photos
هەوار جەلالەدین
 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی ئیی پارتی لە پەرلەمانی تورکیا بە تووندی وەڵامی پەروین بوڵدان دەداتەوە و هەڕەشەی لێدەکات کە "جارێکی دیکە زمانی ژەهراوی بەرامبەر بورساسپۆر بەکارنەهێنێت." ئەمەش دوای ئەوە هات بوڵدان سەرکۆنەی سووکایەتیکردنی بە لەیلا زانا لەلایەن هاندەرانی ئەو یانەیەوە کردبوو.
 
سەلچوک تورکئۆغڵو، پەرلەمانتاری ئیی پارتی لە بازنەی بورسا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی تووندی ئاراستەی پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و بریکاری سەرۆکی پەرلەمان کرد و نووسیویەتی: "پەروین خانم تۆ دواکەسیش نیت کە بتوانیت قسە لەسەر هاندەرانی گەورەی بورساسپۆر بکەیت."
 
پەرلەمانتارەکەی ئیی پارتی هێرش دەکاتە سەر بوڵدان و دەڵێت: "با جنێو و سووکایەتی نەبێت، زۆرباشە، بەڵام ئایا تۆ ئەمە دەڵێیت؛ کە هەموو رۆژێک ستایشی بکوژی ساوایان لە ئیمراڵی [عەبدوڵڵا ئۆجەلان] دەکەیت و واز لە سووکایەتیکردن بە کۆماری تورکیا و گەلی تورک ناهێنیت؟"
 
سەلچوک تورکئۆغڵو لە پەیامەکەیدا کە بە "ئامۆژگارییەکی بچووک" ناوی دەبات، هەڕەشە دەکات و دەڵێت: "تۆ کە بە خەیاڵی خۆت رایدەگەیەنیت نیشتمانی هەزار ساڵەی تورک و کورد دابەش دەکەیت، ئەم قسەیە دەکەیت؟ بەبێ ئەوەی دروشمە جوداخوازەکانی نێو یاریگەی ئامەد شەرمەزار بکەیت، هەرگیز جورئەت نەکەیت زمانی ژەهراویت بەرامبەر بورساسپۆر بەکاربهێنیتەوە."
 
 
رۆژی چوارشەممە 17-12-2025، پەروین بوڵدان لە ئێکس وێنەی هەواڵێکی بڵاوکردەوە کە باسی لە سووکایەتیکردنی هاندەرانی بورساسپۆر بە لەیلا زانا، سیاسەتڤانی کورد دەکرد و نووسیبووی: "نە بە جنێودان و سووکایەتی پارێزگاری لە تۆپی پێدەکرێت و نە لە بەهاکان. ئێمە ئەم زمانە دژی لەیلا زانا رەتدەکەینەوە."
 
بوڵدان هەروەها نووسیبووی: "وەرزش دەبێت رێز بەرهەم بهێنێت، نەک دوژمنایەتی. کەرامەتی مرۆڤ لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە."
 
رۆژی سێشەممە 16-12-2025، لە کاتی یاریی نێوان یانەی سۆماسپۆر و بورساسپۆر، گرووپێک لە هاندەرانی یانەی بورساسپۆر دروشمی سووکایەتیئامێزیان دژی لەیلا زانا گوتەوە.
 
ئەم رووداوە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و بەشێکی زۆر لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە جیاوازەکان (دەم پارتی، ئاکپارتی، جەهەپە، هوداپار، پارتی سەعادەت و پارتی دەڤا) سەرکۆنەی ئەو رەفتارەیان کرد.