وێنە: AP
پیشەی حەماڵی، لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانییەوە تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامە.
ئەگەر گوزەرێک بەنێو کۆڵان و بازاڕە قەیسەرییەکانی ئیستەنبووڵ دا بکەیت، چەندین پیاو لە تەمەنی جیاجیادا دەبینی، کە گونیە و شریفی گەورەیان بە کۆڵ داداوە، یان عارەبانەیان بە دەستەوەیە. ئەمانە زۆر زیاترە لەوەی تەنیا پیشەیەک بن.
ئەم پیشەیە بەتایبەتی لە بازاڕە دێرینەکانی ئیستەنبووڵ، وەک بازاڕی میسری، بازاڕی گەورە و ناوچەی ئەمینئۆنو باوە.
دوکان و باڵەخانە دێرینەکان کە بە "خان" ناسراون، کارگە و زێڕنگری، کوتاڵ و کاڵای دیکەیان تێدایە.
بەهۆی ئەوەی زۆر لەم "خانە" سەدان ساڵییانە ئاسانسواریان نییە و بە کۆڵانی تەسک دەورە دراون کە ئۆتۆمبێل پێیاندا ناڕوات، کار بە بێ حەماڵەکان بەڕێوە ناڕوات.
لە ئەمینئۆنو، زۆر لە کۆڵان و شەقامەکان بە رۆژ بەڕووی هاتووچۆدا داخراون، ئەمەش وایکردووە کارەکەیان گرنگتر بێت.
حەماڵێک دەتوانێت لە نێوان 200 بۆ 300 کیلۆگرام کاڵا هەڵبگرێت و بیگەیێنێتە نهۆمی پێنجەمی باڵەخانەیەک. بۆ ئەوەی کۆڵەپشتەکە ئازار بە پشتیان نەگەیێنێت، تەختەیەکی بە چەرم پۆشراو لە پشتی خۆیان دەکەن و پشتەکۆڵەکەی لەسەر دادەنێن کە پێی دەگوترێت "سەمەر".
زۆرجار ئەم سەمەرانە لە باوکەوە بۆ کوڕ بە میرات دەمێننەوە، کە پێمان دەڵێت، ئەم پیشەیە نەوە لە دوای نەوە، دەستاودەستی پێ کراوە.
حەماڵەکان بەسەر چەند دەستەیەکدا دابەشبوون و سەرپەرشتی خۆیان هەیە کە بەرپرسە لە دابەشکردنی کار بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر ئەندامەکاندا.
ئەوانیش بەپێی ژمارە و کێشی ئەو بارانەی هەڵیدەگرن، کرێی رۆژانە وەردەگرن.
ئەمە کارێکی یەکجار قورس و ماندووکەرە و پێویستی بە هێز و خۆڕاگرییەکی لە رادەبەدەر هەیە، کەم کەس دەتوانن بەرگەی زەحمەتییە جەستەییەکانی بگرن.
حەماڵەکان شانازی بە پیشەکەیانەوە دەکەن و لە هەڵبژاردنی کەسانی نوێ بۆ نێو ریزەکانیان بە حیساب و کیتابن.
عومەر ئۆکان، تەمەن 60 ساڵ، ماوەی سێ دەیەیە وەک حەماڵ کاردەکات و زۆرجار رۆژانە زیاتر لە 500 کیلۆگرام بە پشت دەگوازێتەوە.
پیشەکە هیچ دڵنیاییەکی نییە. ئۆکان ئاماژە بەوە دەکات کە زۆربەی حەماڵەکان بێ بیمە کار دەکەن و ئەگەر نەخۆش بکەون یان بریندار بن، ناتوانن پارە پەیدا بکەن. هەروەها دەڵێت، کارەکانیان کەمیکردووە چونکە بازرگانە گەورەکان لە ناوچەی ئەمینئۆنو، کە ئەو کاری لێدەکات، باریان کردووە.
ئۆکان گوتی: "هەندێک رۆژ بێ ئەوەی هیچ پارەیەکمان دەستبکەوێت دەگەڕێینەوە ماڵەوە."
پیشەکە لە باپیرەیەوە بۆ ماوەتەوە. ئۆکان شانازی بە کارەکەیەوە دەکات، بەڵام هەندێکجار هەست دەکات لەلایەن کۆمەڵگەکەیەوە، فەرامۆش کراوە.
ئەو دەڵێت: "کاتێک دەستم بەم پیشەیە کرد، خەڵک رێزێکی زۆریان لێدەگرتین. ئێستا، هیچ کەسێک لە تورکیا رێز لە هیچ کەسێکی دیکە ناگرێت."