رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئایدن لە رۆژئاوای تورکیا لە ئەنجامی تەقینەوەی بوتڵی گاز لەنێو خواردنگەیەکدا حەوت کەس گیانیان لەدەستدا و پێنج کەسی دیکە برینداربوون.
تەقینەوەکە کاژێر 15:30ی ئەمڕۆ هەینی، 30ی کانوونی یەکەمی 2022، لەنێو خواردنگەیەکی بازاڕی ئوزون چارشی لە نزیک گەڕەکی ئاڵتنتاش لە شارۆچکەی نازیلی پارێزگای ئایدن روویدا.
دوای پەیوەندیی هاووڵاتییان و ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و ژمارەیەکی زۆر ئەمبووڵانس چوونە شوێنەکە.
حوسێن ئاکسۆی، پارێزگاری ئایدن رایگەیاند، بەپێی لێکۆڵینەوەکانیان، بوتڵێکی گاز لەنێو خواردنگەکەدا تەقیوەتەوە و بەو هۆیەوە حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون. گوتیشی، لەنێو بریندارەکاندا سێ منداڵ هەن و دۆخی یەکێکیشیان جێگیر نییە.
هاوکات بەکر بۆزداغ، وەزیری دادی تورکیا دەستگیرکردنی کەسێکی راگەیاند و گوتی، کەسێک کە هۆکار بووە لە تەقینەوەی بوتڵە گازەکە و لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیش بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکرا و لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کرا.


