رووداو دیجیتاڵ
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەڵێ، دۆخەکە بۆ هەموارکردنەوەی یاسایی گونجاوە و پێویستە بەپەلە هەنگاو بنرێ.
سەرۆکی جەهەپە ئەمڕۆ سێشەممە 31ی ئاداری 2026 لە گوتارێکدا کە لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا پێشکێشی کرد باسی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد و رێکارە یاساییەکانی کرد.
باخچەلی گوتی، "تورکیای بێ تیرۆر پرۆژەی یەکێتیی نەتەوەیی و برایەتییە. کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کارەکانی تەواو کردووە، راپۆرتی هاوبەش ئامادە کراوە. رێککەوتنێکی کۆمەڵایەتی هەیە."
باخچەلی دەڵێ، پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" هەنگاوێکی دروستە و پێویستە بۆ دەرکردنی یاسا پێویستەکان بەپەلە هەنگاو بنرێت.
لە 1ی تشرینی یەکەمی 2024 بە بانگەوازێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەی زیندانیکراوی پەکەکە پرۆسەیەکی نوێی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەستیپێکرد.
باخچەلی لە لێدوانێکیدا لە تشرینی یەکەمی 2024دا داوای چەکدانانی پەکەکە و پێدانی "مافی هیوا"ی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد.
دوای ئەوە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ی شوباتی 2025دا بانگەوازێکی ئاراستەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد و تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی رێکخستنەکە و دانانی چەکی کرد.
پەکەکەش بە بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان، زنجیرەیەک هەنگاوی هاویشت.
رۆژی 12ی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. لە 11ـی تەممووزدا، گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە چەکیان دانا.
پەکەکە لە 26ی تشرینی یەکەمدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی پڕۆسەکەدا دەستی بە کشانەوەی هێزەکانی لە تورکیا کردووە و ئەم بڕیارەش بە شێوەیەکی تاکلایەنە دراوە. رێکخراوەکە لە 16ی تشرینی دووەمیشدا رایگەیاند، بەهۆی "مەترسیی پێکدادان" ـەوە لە ناوچەی زاپ ـی هەرێمی کوردستان کشاوەتەوە.
لەگەڵ راگەیاندنی بێدەنگکردنی چەکەکان، لە پەرلەمانی تورکیا "کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" پێکهێندرا و لە پێنجی ئابی 2025 دەستی بە کارەکانی کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ