"لە زمانی کوردیدا 8.3 هێندەی فارسی چاوگ هەیە"
"لە زمانی کوردیدا 8.3 هێندەی فارسی چاوگ هەیە"
لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج دا، رەنج سەنگاوی، پێشکەشکاری ناسراوی رووداو، پرسیاری دۆخی زمانی کوردی لە سەردەمی ئێستادا و کاریگەریی تەکنەلۆجیا و ژیریی دەستکردی خستە بەرباس، بەرنامەکە بە میوانداری چوار پسپۆڕی زمان و ئەدەب، دکتۆر ماجد رۆحانی، لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دکتۆر دڵشاد هیوا و دکتۆر قەیس کاکل لە باشووری کوردستان، و مامۆستا سمکۆ بۆتانی لە رۆژئاوای کوردستان، بەڕێوەچوو و تیشکی خستە سەر کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردی لە سەرتاسەری کوردستان.
رەنج سەنگاوی: زمانی کوردی – داربەڕوو و گوزارشتی رۆژگار
سەنگاوی لە دەستپێکی بەرنامەکەیدا، زمانی کوردی بە داربەڕوو وەسف کرد کە بەرگەی رەشەبای رۆژگار و رق و رەگەزپەرستی داگیرکەرانی گرتووە، ئەو ئاماژەی بە فرە شێوەزاریی زمانەکە کرد و بە بنەچەیەکی بەهێزی بۆ دروستکردنی زمانێکی دەوڵەمەند زانی، بەڵام، هاوکات کۆمەڵێک پرسیاری خەمناک و جەوهەریی خستەڕوو "بۆچی تاوەکو ئێستا رێنووسێکی دامەزراو و یەکگرتوومان نییە؟ بۆچی بە کەمی دەزانین بەرامبەر زمانەکانی دیکە؟ بۆ زانستەکانی پێ ناخوێنین لە خوێندنی باڵادا؟ بۆ تابلۆی سەر شەقام و باڵەخانەکانمان ئەم هەموو هەڵە و پەڵەیی پێوەیە؟ بۆچی چاودێری زمان لە شێوەی پۆلیسی فەرهەنگ و زمان بۆ زمانەکەمان دانامەزرێنین؟ بۆچی ئەمیش دەستدرێژی و تاوانی لەگەڵ ناکرێت؟ بۆ 35 زانکۆ و ئەکادیمیا و وەزارەتی رۆشنبیری پەرۆشانەتر خاوەندارێتی زمانی کوردی ناکەن؟ بۆ لە میدیای دیجیتاڵ و پێگەکانی ژیریی دەستکرددا ئەوەندە زمانێکی شێواو و بێ رێنووسە؟".
سەنگاوی سەرەڕای ئەو نیگەرانییانە، بێئومێد نەبوو و ئومێدی بە دەستەبژێری کورد و عاشقانی زمان دەربڕی، ئەو بە گەرمی پێشوازی لە میوانەکان کرد، بەتایبەتی دکتۆر ماجد رۆحانی کە وەک میوانێکی تایبەتی رووداو بۆ زنجیرەیەک پۆدکاستی نوێ لەبارەی زمانی کوردی لە باشوور و باکوور و رۆژئاوا بانگهێشت کرابوو.
رۆژهەڵاتی کوردستان: گەشەسەندنی زمان و شانازیی نەتەوەیی
دکتۆر ماجد رۆحانی، نووسەر و لێکۆڵەری دیاری رۆژهەڵاتی کوردستان، دۆخی زمانی کوردی لەوێ "باش" و "گەشەسەندوو" وەسف کرد، ئەو ئاماژەی بەوەدا کە پێش 50 ساڵ، لە دە بنەماڵەی کورد، دوو بۆ سێ بنەماڵە بە فارسی لەگەڵ منداڵەکانیان قسەیان دەکرد، بەڵام ئێستا گۆڕانکاری گەورە روویداوە، "کورد بە گشتی لە ئێراندا خاوەن شەرەفێکی بەرزە، واتە راستبێژی، ئازایەتی، پابەندبوون بە پەیمان و جێی متمانەیە".
رۆحانی بە شانازییەوە باسی کرد کە لە سەرهەڵدانی "ژینا"دا لە تەورێز دەیانگوت "کوردستان چاو و چرای ئێرانە"، ئەو وای بۆ چوو کە ئەم هەستە خۆ بە کەم نەزانینە کاریگەریی لەسەر زمانی کوردی هەبووە، "ئێستا لە شاری سنە زیاتر لە دە شوێنی فێرکردنی زمانی کوردی هەیە کە خەڵک خۆیان پارە دەدەن و منداڵەکانیان دەنێرنە ئەو شوێنانە وەک 'راژە' بۆ فێربوونی کوردی، بووەتە شانازییەکی گەورە کە کوردی بزانرێت".
لەبارەی دۆخی زمانی کوردی لە کرماشان، رۆحانی گوتی "پێش راپەڕین، زمانی کوردی لە کرماشان خەریک بوو کاڵ بێتەوە، بەڵام بە رووداوی راستەقینەی پیرۆز وەک سەرهەڵدانی هونەرمەندانی وەک شامی کرماشانی، کە بە ئاڵاهەڵگر و رزگارکەری زمانی کەڵهووڕی ناوی برد، پاشان شاعیرانی وەک پەرتەو و قەسری، زمانی کوردی زیندوو کرایەوە"، ئەو جەختی لە رۆڵی هونەر و ئەدەب کردەوە لە پارێزگاریکردن و گەشەپێدانی زماندا.
دکتۆر ماجد رۆحانی: زمانەکەمان بەتوانایە، بەڵام کەمتەرخەمین
رۆحانی ئاماژەی بە پرۆژەیەکی فەرهەنگی سێ بەرگیی گەورە کرد کە تێیدا هەموو چاوگەکانی زمانی فارسی کۆکراونەتەوە و بەراورد کراون بە چاوگەکانی زمانی کوردی، "ئەنجامەکان سەرسوڕهێنەر بوون؛ ئێمە 8.3 ئەوەندەی چاوگ لە زمانی کوردیدا هەیە بە بەراورد بە فارسی، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە زمانەکەمان لە بنەڕەتدا زۆر بەهێز و دەوڵەمەندە، بەڵام ئێمە وەکو پێویست کاری لەگەڵدا نەکەین، وەک چۆمسکی دەڵێت: 'زمان وەک ماڵ وایە، چەندی کاری تێدا بکەی ئەوەندە گەورە دەبێت،' ئێمە دنیایەک ئاسن و چیمەنتۆ و زەویی گەورەمان هەیە بۆ دروستکردنی کۆشکێک، بەڵام کەمتەرخەمین".
رۆژئاوای کوردستان: گۆڕانکاری لە قەدەخەکردنەوە بۆ خوێندنی دایک
سمکۆ بۆتانی، نووسەر و لێکۆڵەر لە رۆژئاوای کوردستان، باسی گۆڕانکارییە گەورەکانی دۆخی زمانی کوردی کرد لەو بەشەی کوردستان، "پێش ساڵی 2011، زمانی کوردی قەدەخە بوو، بەڵام پاش ئەو ساڵە، رەوشەکە گۆڕا، ئێستا دەسەڵاتدارانی خۆسەر پشتیوانی لە فێرکردنی زمانی کوردی دەکەن، لە کۆبانێ لە ساڵی2012 – 2013 خوێندنی سەرەتایی بە کوردی دەستیپێکرد".
بۆتانی ئاشکرایکرد ئێستا منداڵانی رۆژئاوا لە یەکەمین قۆناخی سەرەتایی تاوەکو زانکۆ بە زمانی دایک دەخوێنن و لە زانکۆشدا بەشی زمانی کوردی هەیە، "زمانی فەرمی کورمانجییە بە پیتی لاتینی، بەڵام وانەی زمانی سۆرانیش بە پیتی عەرەبی (ئارامی) دەخوێنرێت"، ئەو هیوای خواست زمانی ستاندارد لە کوردستان دروست بکرێت و پێشنیاری کرد پیتی ئارامی ببێتە پیتی لاتینی.
باشووری کوردستان: قەیرانی بڕوانامە و زمانی شلۆق
دکتۆر دڵشاد هیوا، دکتۆرای سۆسیۆئەنترۆپۆلۆژی لە زانکۆی پاریس، دۆخی زمانی کوردی لە باشوور بە "قەیراناوی" وەسفکرد، "سەرباری بوونی نزیکەی 45 هەزار کتێبی چاپکراو، هەزاران بەڵگەنامە و رۆژنامە و گۆڤار، و 35 زانکۆ و نزیکەی 21 بەشی زمانی کوردی، بەڵام ئەم بەشانە لە قەیراندان".
دکتۆر دڵشاد هیوا رەخنەی تووندی لە "هەڵاوسانی بڕوانامە" و "قەیرانی بێسەوادیی بڕوانامەداران" گرت، ئەو گوتی "پێشتر دوو شوێنی خوێندنی باڵا بە کوردی هەبوو، بەڵام لەشکری مرۆڤی بەرپرسیاریان دروست کرد، ئێستا ژمارە زۆرە، بەڵام جۆرایەتی نییە"، ئەو رەخنەی لەوە گرت کەسانی هەورامی نەناس و لووڕی نەناس، وانەی ئەدەبیاتی هەورامی و لووڕی دەڵێنەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە زمانی ئیدیۆماتیکی کوردی لەناو خێزان و زانکۆدا خەریکە لەدەست دەچێت و گوتی "ئەگەر بەم شێوازە بڕوات، خەمی پەنجا ساڵی دیکەمە کە زمانی کوردی ببێتە زمانێکی شلۆق و پووچەڵ".
دکتۆر قەیس کاکل، سەرۆکی لیژنەی زمان و فەرهەنگی کوردی لە ئەکادیمیای کوردی، لە وەڵامی رەخنەکانی دکتۆر دڵشاد دا گوتی "کاری زانکۆ تەنیا لێکۆڵینەوە و وەسفکردنی دیاردەکانە، نەک جێبەجێکردن، ئێمە بە سەتان توێژینەوەی زۆر باشمان هەیە، بەڵام کێشەکە لە نەبوونی جێبەجێکردندایە"، ئەو ئاماژەی بەوەدا کە ئەکادیمیا هەوڵی زۆر دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پرۆژەیەکی گەورەیان لەگەڵ زانکۆی سەڵاحەدین هەیە بۆ دروستکردنی پلاتفۆرمێکی زاراوەسازی.
ژیریی دەستکرد و زمانی کوردی: قەیرانی داتای دیجیتاڵی
کاروان خالید، شارەزا لە بواری ژیریی دەستکرد (AI)، جەختی لەوە کردەوە کە زمانی کوردی لە ئاستی ژیریی دەستکرددا ناتوانێت بگاتە ئاستی زمانەکانی وەک ئینگلیزی، عەرەبی، تورکی یان فارسی، "هۆکارەکەشی نەبوونی داتای دیجیتاڵییە، ئێمە داتای زۆرمان هەیە لە کتێب و توێژینەوەدا، بەڵام ئەم داتایانە ناکرێنە داتای دیجیتاڵی، کێشەی سەرەکیمان لە AI نەبوونی رێنووسێکی ستانداردە".
کاروان خالید گوتی "ئەگەر زمانێکی ستانداردمان هەبێت، ئەوا دەتوانین لە رۆژئاوا، رۆژهەڵات، و پارچەکانی دیکە داتاکان کۆبکەینەوە و بۆ دروستکردنی تووڵی ژیریی دەستکرد بەکاری بهێنین، ئێستا باشترین رێگە بۆ دروستکردنی زمانی ستاندارد بریتییە لە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد".
دکتۆر دڵشاد هیوا نموونەی چەندین وەڵامی هەڵەی ژیریی دەستکردی خستەڕوو کاتێک پرسیار لەبارەی زمانناسە کوردەکان یان شاعیرانی وەک نالی کراوە، "ژیریی دەستکرد، نالی بە فەقێ و زانا و شاعیرێک وەسف دەکات کە کارە سەرەکییەکانی گۆرانەکانی عاشقی و خۆشەویستین، ئەمەش نادروستە، نموونەیەک لە شیعری نالی دەهێنێتەوە کە هەرگیز نالی نەیگوتووە و دەیان نموونەی دیکەی لەو بارەیەوە باسکرد.
چارەسەر: کۆمیتەی نیشتمانی و پلاتفۆرمی داتا
بەشداربووان جەختیان لە گرنگی چارەسەری کێشەکان و پارێزگاریکردن لە زمانی کوردی کردەوە، بەشداربووێک گوتی "دەبێت کۆمیتەیەکی زانستی زمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان دروست بکرێت و زمانی کوردیی پاک و ستاندارد و بە زانستی بپارێزێت".
دکتۆر قەیس کاکل وەک موژدە بە گوێگرانی راگەیاند "زیاتر لە شەش مانگە کار لەسەر کۆکردنەوەی داتای زمانی کوردی دەکرێت، وەزارەتەکانی رۆشنبیری، خوێندنی باڵا، و پەروەردە، و زانکۆکان هەموو داتاکانیان خستووەتە بەردەست، خەریکی دروستکردنی کۆرپەسێکی زۆر گەورەین کە تائێستا نزیکەی 500 ملیۆن پیت و هێما (تۆکن) ئامادەیە و لە ماوەی مانگ و نیوێکدا دەخرێتە سەر هێڵی ئینتەرنێت، ئەم پرۆژەیە نیشتمانییە و بە خۆڕاییە بۆ کۆمپانیا گەورەکانی وەک گووگڵ و کڵاود بۆ ئەوەی لە بەرهەمەکانی خۆیاندا بەکاری بهێنن".
کۆتایی گفتوگۆ: ئاو بە ئاوەدانیدا دەچێت
رەنج سەنگاوی لە کۆتایی بەرنامەکەیدا گوتی: "کورد دەڵێت: ئاو بە ئاوەدانیدا دەچێت، مامۆستا ئەگەر ئەو 500 ملیۆن پیت و هێما (تۆکن) و ئەو داتایانە پشتیوانی یەک نەکەن و رێنووسی یەکگرتوومان نەبێت، ئەوا یەکتر تێکدەدەن و زمانەکە دەشێوێنن، ژیریی دەستکرد تەنیا ئەنالیز دەکات و بەرهەم ناهێنێت، ئەگەر داتای پاکی پێ بدرێت، وەڵامی دروستیش دەداتەوە". لەسەر پێویستی یەکخستنی هەوڵەکان، دروستکردنی رێنووسی ستاندارد، و بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا بۆ گەشەپێدانی زمانی کوردی کردەوە.
بەرنامەی لەگەڵ رەنج هەموو شەوانی یەکشەممە کاژێر 21:00 پەخشدەکرێت.
بهشی بكه لە